عێراق دڵنیایی دەدات کە ئەگەری پچڕانی کێبڵە دەریایییەکانی ئینتەرنێت لە گەرووی هورمزدا، هیچ مەترسییەکی گەورە لەسەر تۆڕەکانی وڵاتهكه و هەرێمی کوردستان دروست ناکات.
ئەمڕۆ لە کاتی بەڕێوەچوونی 'کۆڕبەندی بەڕێوەبردنی ئینتەرنێت لە عێراق 2026' لە بەغدا، مستەفا جەبار سەنەد، وەزیری گەیاندنی عێراق، وەڵامی ئەو نیگەرانییانەی دایەوە کە لەسەر ئاسایشی دیجیتاڵیی ناوچەکە سەریان هەڵداوە.
وەزیری گەیاندن ڕایگەیاند، عێراق خاوەنی 11 دەروازەی سنووریی نێودەوڵەتییە بۆ گواستنەوەی داتا، کە 6 لەو دەروازانە لەگەڵ ئێران و ئەوانی تریش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدان. لەم چوارچێوەیەدا، تۆڕی گەیاندن لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و هەبوونی دەروازەی سنووری لەگەڵ تورکیا، وەک پردێکی سەرەکی گواستنەوەی داتای نێودەوڵەتی دادەنرێت.
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە هاتن کە سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداریی دابوو لە ئەگەری سەپاندنی جەنگێکی نوێ، کێبڵە ژێرئاوییەکانی گەرووی هورمز دەکاتە ئامانج.
گەرووی هورمز بە یەکێک لە گرنگترین شاڕێگەکانی داتای جیهانی دادەنرێت کە بەلایەنی کەمەوە 7 کێبڵی گەورەی ژێر دەریا لەو سنوورەوە تێپەڕ دەبن، ئەم کێبڵە دەریایییانە زیاتر لە 30%ی هاتووچۆی ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی و نزیکەی 90%ی داتاکانی نێوان کیشوەری ئاسیا و ئەوروپا دەگوازنەوە.
ئهو بهرپرسه له بهشێكی دیكهی قسهكانیدا ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر هێڵە دەریایییەکان لە کەنداو بپچڕێن، پێگەی ستراتیژیی عێراق و هەرێمی کوردستان وەک ناوەندێکی جێگرەوەی ترانزێتی داتا لەنێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا بەهێزتر دەبێت.
شارەزایانی تەکنەلۆژیا پێداگری دەکەنەوە لەسەر ئەوەی کە تۆڕی فایبەر ئۆپتیکی هەرێمی کوردستان بەهۆی بەستنەوەی بە هێڵی نیشتمانیی عێراقەوە، پارێزراوییەکی بەهێز بۆ بەردەوامی خزمەتگوزارییەکان دەستەبەر دەکات.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، وەزیری گەیاندنی عێراق باسی لە پەرەپێدانی پرۆژە ناوخۆیییەکان کرد و ڕەتی کردەوە کە ئێستا هیچ بڕیارێکی فەرمی بۆ قەدەغەکردنی ئەپڵیکەیشنی نەخشەی 'ویز' هەبێت.
سەبارەت بە خزمەتگوزارییەکانی نەوەی پێنجەم (5G) و پرۆژەی کۆمپانیای ڤۆدافۆن، گوتی: "دەرگای کێبڕکێی كراوه، بۆ هەموو کۆمپانیاکانی کەرتی گەیاندن دەکرێتەوە."
هەروەها وەزیری گەیاندن، عێراقی بە 'ئەسپی ڕەش' لە کەرتی گەیاندندا ناودێر کرد و ئاشکرای کرد، ژمارەی بەشداربووانی کێبڵی ڕووناکی گەیشتووەتە زیاتر لە 2 ملیۆن بەشداربوو.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، پرۆژەی گەیاندنی کێبڵی ڕووناکی تا ئێستا توانیویەتی تۆڕی ئینتەرنێت بگەیەنێتە زیاتر لە 5 ملیۆن ماڵ لە سەرتاسەری عێراقدا.