وەزارەتی ناوخۆی هەرێم سەرلەبەری ئەو دەنگۆ و هەواڵە چەواشەکارانە ڕەت دەکاتەوە کە باس لە بوونی درۆن یان هێزی سەربازیی ئۆکراینی لە خاکی هەرێمدا دەکەن، جەختیش لەسەر بێلایەنیی تەواوی هەرێم دەكاتەوە.
ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ڕایگەیاند، ئەو هەواڵ و بانگەشانەی سەبارەت بە بوونی هێز یان یەکەی سەربازی و درۆنی ئۆکراینی لە هەرێم بڵاوکراونەتەوە، لە بنەڕەتدا ناڕاست و بێبنەمان و هیچ ڕاستییەکیان تێدا نییە.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە هەرێمی کوردستان هەمیشە سیاسەتی بێلایەنی و خۆبەدوورگرتن لە ناکۆکییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی پەیڕەو کردووە، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات خاکی هەرێم بۆ هیچ کارێکی سەربازی یان دوژمنکارانە دژ بە هیچ وڵاتێک بەکاربهێنرێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە کە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە لە پێشینەی کارەکانیانە و ڕێگە بە هیچ هەوڵێک نادرێت بۆ پەلکێشکردنی هەرێم بۆ ناو ململانێ نێودەوڵەتییەکان.
ئەم ڕاگەیەندراوەی وەزارەتی ناوخۆ لەکاتێکدایە، لە ماوەکانی ڕابردوودا لە چەندین دەزگای ڕاگەیاندندا دەنگۆی بوونی هێز و درۆنی ئۆکراینی و بەکارهێنانی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ مەبەستی سەربازی بڵاوکرابوونەوە.