بنیامین نەتانیاهۆ هەڕەشەی توندی لە کۆماری ئیسلامی ئێران کرد ئاگاداری كردنهوه لهوهی كه یان ئهوان دەمێننەوە و دەسەڵاتی تاران لەناو دەبەن، یانیش ئێران ئهوان لەناو دەبەن.
ئهمڕۆ بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی 7ی ئیسرائیلیدا ڕایگهیاند، ئەو حکومەتەی سەرکردایەتی دەکات بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێت؛ هەروەک چۆن پێشتریش کردوویانە، ئێستاش گورزێکی وێرانکەر لە ئێران دەوەشێنن.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم کێشمەکێشە چارەنووسسازە و دەنگدەرانی وڵاتەکەی دەبن کە لە هەڵبژاردنەکانی 27ی ئۆکتۆبەردا بڕیار لەسەر ئاییندەی ئەم ململانێیە دەدەن.
هەروەها ڕوونی کردەوە کە تاران لە بنەڕەتدا پلانی دانابوو چەندین بۆمبی ئەتۆمی بۆ لەناوبردنی تەواوەتی دەوڵەتی ئیسرائیل و قڕکردنی گەلەکەی دروست بکات، بۆیە ناچار بوون دەستبەجێ ڕێکاری سەربازی بگرنە بەر.
نەتانیاهۆ لە وتارێکی تردا لەبەردەم ئەفسەرانی خولی دەرچوونی سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کرد کە فەرمانی فەرمی بە سوپا، مۆساد و دەزگا ئەمنییەکان داوە بۆ ئەوەی ڕژێمی تاران بڕووخێنن.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی: "دەسەڵاتی ئێران هێشتا پەندی لە ڕووداوەکان وەرنەگرتووە، موجتەبا خامنەییش بڕیاری داوە شوێنپێی باوکی هەڵبگرێت و دەستی بە هەوڵەکانی کردووەتەوە بۆ دروستکردنی چەکی مەرگ."
نەتانیاهۆ بەرنامەی ئەتۆمی تارانی بە نەخۆشیی شێرپەنجە وهسف كرد و هۆشداری دا کە سەرەڕای گورزەکانی پێشوو، تا ئەم دەسەڵاتە لەسەر پێ بێت، هەوڵی بنیاتنانەوەی تواناکانی دەدات، بۆیە تاکە ڕێگە بۆ بنبڕکردنی یەکجاریی مەترسی ئەتۆمی، تەنیا ڕووخاندنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە لە ئێراندا.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە دا، دەوڵەتەکەیان لەبەردەم هەڕەشەیەکی بوونگەراییدایە و ئەرکی هەموویانە بە گیانفیدایییەوە نەتەوەکەیان لە لەناوچوون ڕزگار بکەن.
هاوکات ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە هەمان بۆنەدا پەیامێکی هەڕەشەئامێزی ئاراستەی تاران کرد و ڕایگهیاند، ئەگەر ئێران هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، ئێران دەسووتێت؛ ڕژێمی تاران ئێستا لە لاوازترین دۆخی مێژووی خۆیدایە، بەڵام ئەم لاوازییە لەوانەیە هانی بدات توندترین هەنگاو دژی ئیسرائیل بگرێتە بەر.
وەزیری بەرگری هۆشداری دا کە ئێران و میلیشیاکانی هەوڵی هێرشکردن دەدەن بۆ تێکدانی هەڵبژاردنەکان، هەر کەسێکیش هێرش بکات، پێش دەنگدان بێت یان دوای ئەوە، قورسترین باج دەدات.
لەلایەکی ترەوە، ژەنەڕاڵ ئەیال زەمیر، سوپاسالاری ئیسرائیل، لە گوتارەکەیدا بۆ ئەفسەرە نوێیەکان پێداگریی لەسەر یەکڕیزیی سوپا و جێبەجێکردنی ئەرکی پاراستنی وڵات لە هەموو سەنگەرەکاندا کردەوە.
نەتانیاهۆ باسی لە هاوئاهەنگییەکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا کرد و گوتی: "ترەمپ پشتگیریی ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران دەکات و دەڵێت ئامادەین پێکەوە کارەکە تەواو بکەین."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەو هەواڵانەی ڕەت کردەوە کە گوایە ترەمپ ڕێگری لە هێرشێکی بەرفراوانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوەکانی ئێران کردووە، ئەو ڕاپۆرتانەشی بە ناڕاست لە قەڵەم دا.
نەتانیاهۆ بەڵێنی دا کە سەری هەشتپێیەکە لە تاران دەپڕووکێنن و دەستەکانی تریشی لە حەماس و حزبوڵڵا بەیەکجاری لە ناوچەکەدا دەبڕنەوە.
ئهو ئاشكرای كرد، كه زۆرێک لە وڵاتانی دراوسێ لە لوبنان و غەززە و تەنانەت لەنێوخۆی ئێرانیشدا، بە تامەزرۆیییەوە چاوەڕوانی سەرکەوتنی ئیسرائیل و ڕووخانی دەسەڵاتی تاران دەکەن.
سەبارەت بە دۆخی غەززە، نەتانیاهۆ باسی لهوه كرد، دوای ئەوەی هێزی نێودەوڵەتی نەبوو بۆ چەککردنی حەماس، سوپای ئیسرائیل خۆی دەچێتە پێشەوە و کارەکە بەتەواوی کۆتایی پێ دەهێنێت.
لە پێوەندی لەگەڵ پرسی فەلەستینیشدا، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دووپاتی کردەوە کە تا ئەو لە دەسەڵاتدا بێت، ڕێگە بە دروستبوونی دەوڵەتی فەلەستینی نادرێت، چونکە ئەوە دەبێتە هۆی لەناوچوونی ئیسرائیل.
نەتانیاهۆ لە کۆتاییدا هۆشداری دایە دەنگدەرانی باڵی ڕاستڕەو کە دەنگەکانیان بەفیڕۆ نەدەن و بە چڕی بەشداری لە هەڵبژاردنی 27ی ئۆکتۆبەردا بکەن بۆ سەرخستنی پارتی لیکود.