مۆسیقا و هونەری کوردی یەکێک لە ژەنیارە دێرینەکان و دامەزرێنەرانی تیپە مۆسیقاییە سەرەتاییەکانی لەدەست دا.

 

ئەمڕۆ هونەرمەند و مامۆستای مۆسیقا فەرید عیسا نەزەر، لە تەمەنی 84 ساڵیدا لە وڵاتی سوید کۆچی دوایی کرد. ناوبراو لە دەستەی دامەزرێنەران و ئەندامانی دێرینی تیپی مۆسیقای سلێمانی بوو و بە لێهاتوویی لە ژەنینی ئامێری ئەکۆردیۆن و فێرکردنی نەوە لەدوای نەوەی ژەنیاران، خزمەتێکی بەرچاوی پێشکەش بە کاروانی گۆرانی و مۆسیقای کوردی کرد.

 

فەرید عیسا لە ساڵی 1942 لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لە بنەماڵەیەکی مەسیحی لەدایک بووە، لە ساڵی 1974 بووەتە ئەندامی تیپی مۆسیقای شۆڕش و ئاوازدانەری سروودی بەناوبانگی (کوردستان نیشتمانی کورد) بوو لەسەر هۆنراوەی مامۆستا هەژار موکریانی.

 

بەگوێرەی زانیارییەکان، لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە لە سوید نیشتەجێ بوو، لە تاراوگەش بەردەوام بوو لە فێرکردنی منداڵانی کورد لەسەر مۆسیقا و پاراستنی زمانی دایک، هاوکات خاوەنی کتێبێکی بەپێزە بە ناوی (گۆرانی بۆ زارۆکان).

 

تیپی مۆسیقای سلێمانی و ژەنیارە پێشەنگەکانی لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، بناغەی مۆسیقای سەردەمیانەی کوردییان داڕشت و کاریگەرییەکی قووڵ و فراوانیان لەسەر ناسنامەی هونەریی نەتەوەیی کوردستان بەجێهێشت.