بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی پلاتفۆرمێکی نوێی ئەلیکترۆنی بۆ گەیاندن و بەدواداچوونی سکاڵای کرێکاران لە هەرێمی کوردستان کارا کرد.

 

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بڵاویکردەوە، سیستەمی ئەلیکترۆنی سکاڵا لە ڕێگەی بەستەری فەرمیی (Skala.gkrd.krd) بە مەبەستی پاراستنی مافی کرێکاران و زیادکردنی شەفافیەت کەوتووەتە کار.

 

به‌پێی بڵاوكراوه‌كه‌، لە ڕێگەی ئەم پلاتفۆرمەوە کرێکاران دەتوانن بە شێوەیەکی فەرمی، ڕێکخراو و پارێزراو کێشەکانیان بگەیەننە لایەنی پەیوەندیدار.

 

سیستەمەکە تایبەتمەندیی ئەوەی هەیە کە سکاڵاکان بەپێی بوارەکانی مووچە، کاتی کار، ژینگەی کار و مامەڵەی خاوەنکار پۆلێن دەکات و ژمارەیەکی تایبەت بۆ بەدواداچوون دەداتە سکاڵاکار.

 

هەروەها دوای پشکنینی سکاڵاکە لەلایەن لیژنەی پەیوەندیدارەوە، وەڵام و چارەسەرەکان بە شێوەی ئۆنلاین بۆ کرێکار دەنێردرێن و دۆسیەکە ئەرشیف دەکرێت.

 

ڕاگەیاندنی ئەم پلاتفۆرمە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکاندایە تا ژینگەیەکی کاری دادپەروەرانە دابین بکرێت و ڕێگری لە تەشەنەکردنی کێشەکانی نێوان کرێکار و خاوەنکار لە هەرێمی کوردستاندا بگیرێت.