وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان سزای نوێی دارایی و دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی بەسەر ئەو شۆفێرانەدا سەپاند کە لەژێر کاریگەریی خواردنەوە کحولییەکاندا شۆفێری دەکەن.
ئهمڕۆ لهژێر ڕۆشنایی ڕێنمایی ژمارە 7ی ساڵی 2025 کە بە واژووی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ دەرچووە، هەمواری یەکەمی ڕێنماییی ژمارە 4ی ساڵی 2016 تایبەت بە لێخوڕین لەژێر کاریگەریی ماددە کحولییەکاندا ڕاگەیەندرا.
ئەم بڕیارە دوای یاداشتی ڕاوێژکاری یاسایی و لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی و کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتووچۆدا دراوە.
بەپێی هەموارە نوێیەکە، ئەگەر لە پشکنیندا دەربکەوێت شۆفێرێک لەژێر کاریگەریی کحولدا شۆفێری دەکات، بۆ جاری یەکەم سزای پێبژاردن بە بڕی 1,000,000 (یەک ملیۆن) دیناری بەسەردا دەسەپێنرێت و ئۆتۆمبێلەکەشی بۆ ماوەی 3 ڕۆژ دەستی بەسەردا دەگیرێت.
هەروەها ئەگەر سەرپێچییەکە بۆ جاری دووەم یان زیاتر دووبارە بێتەوە، شۆفێرەکە بەپێی بەشی 22 لە یاسای هاتووچۆی ژمارە 86ی ساڵی 2004 کە تایبەتە بە لێخوڕین لەژێر کاریگەریی سەرخۆشی و بێهۆشیدا، ڕووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە.
بهپێی زانیارییهكان، ئەم ڕێنمایییە لە ڕۆژی بڵاوبوونەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمیی وەقایعی کوردستانەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ و پۆلیس پابەندی دەبن.
