وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان، ڕەزامەندی لەسەر وەرگرتنی سەرجەم دەرچووانی خوێندنگە کوردییەکانی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە زانکۆ و پەیمانگەکاندا بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027 دەربڕی.

 

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا بڵاویکردەوە، لەسەر ڕاسپاردە و بە واژۆی د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا، ناوی 878 قوتابی کەرکووک، خانەقین، شنگال و تەواوی ناوچە کوردستانییەکان لە زانکۆکاندا گەڕاوەتەوە.

 

پرۆسەی وەرگرتنی ئەم خوێندکارانە بە هەمان پێوەر و کۆنمرەی وەرگیرانی خوێندکارانی هەرێمی کوردستان ئەنجام دراوە، ئەمەش وەک پاڵپشتییەک بۆ بەردەوامی پرۆسەی خوێندنی کوردی لەو سنوورانەدا.

 

لە کۆی 1305 دەرچوو کە لە ڕێگەی زانکۆلاینەوە داواکارییان پێشکەش کردبوو، ئەوانەی تاکوو ئێستا ناویان نەگەڕاوەتەوە، لە سبەی هەینی 23ی ئۆکتۆبەری 2026ەوە دەتوانن بۆ ماوەی 4 ڕۆژ فۆرمی زانکۆلاین پڕ بکەنەوە و بەمەش ڕێژەی وەرگرتنیان دەبێتە 100%.