هێزە ئەمنییەکانی سۆران لە کەمتر لە 24 کاتژمێر تۆمەتبارێکی ساختەکاریی داراییان دەستگیر کرد کە لە ڕێگەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارەوە فێڵی لە مووچەخۆران دەکرد.

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سۆران بڵاویکردەوە، هاووڵاتییەک سکاڵای لە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان تۆمار کردووە دوای ئەوەی لە کاتی ڕاکێشانی مووچەی پێشمەرگایەتی لە ئامێری ATM، کەسێک بە ناوی هاوکاریکردن کارتەکەی لێ وەرگرتووە و پێی ڕاگەیاندووە پارەی تێدا نییە، بەڵام لە ڕاستیدا کارتەکەی بە کارتێکی دیکە گۆڕیوە و دواتر مووچەکەی بە نهێنی ڕاکێشاوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیسی سۆران، مەفرەزەکانی پۆلیس بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە دەستبەجێ بەدواداچوونیان دەستیان پێکرد و توانییان ناسنامەی تۆمەتبار (ا.ا.ح) ئاشکرا بکەن و لە ماوەی 24 کاتژمێردا دەستگیری بکەن.

بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و ئاشکرای کردووە نیازی هەبووە بە هەمان شێواز مووچەی چەندین هاووڵاتیی دیکەش ببات، هەروەها لە کاتی دەستگیرکردنیدا چەندین کارتی بانکیی دیکەی لەلا گیراوە.

تۆمەتبار لە ئێستادا، بەپێی ماددەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە، پۆلیسی سۆرانیش هۆشداریی توند دەداتە مووچەخۆران لەوەی کارتی بانکی و ژمارەی نهێنی بە هیچ کەسێک نەسپێرن و قوربانییانی ڕووداوی هاوشێوەش سەردانی بنکەکانی پۆلیس بکەن.

بەئەلیکترۆنیکردنی پرۆسەی دابەشکردنی مووچە و فراوانبوونی بەکارهێنانی سیستەمی بانکی لە هەرێمی کوردستان، وای کردووە جۆرێکی نوێ لە فێڵکردنی دارایی و دزیکردن لە هاووڵاتییانی کەمئەزموون لە نزیک ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە سەرهەڵبدات.