دەستەی کەشناسی عێراق هۆشدرای لە گەیشتنی شەپۆلێکی بارانبارین دەدات و ئاماژە بەوە دەکات، کە پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت.

ئەمڕۆ دەستەی کەشناسیی عێراق بڵاویکردەوە، لە ڕۆژانی داهاتوودا کەشوهەوا بە گشتی لە نێوان نیمچەهەور و هەوری تەواودا دەبێت، هاوکات لەگەڵ دابەزینی پلەکانی گەرما شەپۆلێکی بارانبارین و هەورەبروسکە شارەکانی باشوور، ناوەڕاست و باکووری ڕۆژهەڵات دەگرێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی دەستەی کەشناسیی عێراق، لە ڕۆژی هەینیدا نزمترین پلەکانی گەرمای پارێزگاکان تۆمار دەکرێن بەم شێوەیە:

دهۆک27 پلە
سلێمانی 26 پلە 
هەولێر 28 پلە 
کەرکووک31 پلە
بەغدا 34 پلە 
بەسرە 36 پلە 

بەپێی پێشبینییەکان، لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە دابەزینی پلەکانی گەرما لە ناوەڕاست و باشوور بەردەوام دەبێت و ئەگەری نمەباران دەمێنێتەوە، وێنەی مانگە دەستکردەکانیش کۆبوونەوەی هەوری باراناوی لە باشوور و باکووری ڕۆژهەڵات نیشان دەدەن.

هاوکات بەهۆی بای دابەزێنەری هەورەبروسکەکانەوە، ئەگەری دروستبوونی شەپۆلێکی کاتی و سنوورداری تۆزوخۆڵ لە ناوچەکەدا هەیە، پێش ئەوەی ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو پلەکانی گەرما کەمێک بەرزبوونەوە بەخۆیانەوە ببینن.

وەرزی پاییز لە عێراق و ناوچەکانی دەوروبەری، بە قۆناغی گۆڕانکارییە خێراکانی کەشوهەوا دادەنرێت و ساڵانە لەم کاتانەدا بارستەهەوای فێنک کۆتایی بە گەرمای تاقەتپڕوکێنی هاوین دەهێنێت.