ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی پلانی داهاتووی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران ئاشکرا دەکات.

ئەمڕۆ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بڵاویکردەوە، سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل پلانی تۆکمەیان بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشێکی چڕی 3 ڕۆژە لە دژی ئێران دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا داڕشتووە.

بەپێی زانیارییەکان، ئامانجە ئەگەرییەکان بریتین لە دامەزراوە ناوەکییەکان، ژێرخانی وزە، کۆگاکانی درۆن و مووشەک، بە تایبەتی پێگەی ناوەکیی ژێرزەمینیی کێوی کولەنگ لە ئێران، هاوکات لەم هەفتەیەدا وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە تەلئەبیب لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ هەماهەنگیی ئەم هێرشانە کۆبووەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی نیویۆرک تایمز، سوپای ئەمریکا تا سەرەتای مانگی تشرینی دووەم 3 کەشتیی فڕۆکەهەڵگر و هەزاران سەربازی هێزی دەریایی لە ناوچەکە جێگیر دەکات، فڕۆکە جەنگییەکانیش لە ئاسمانی عێراق دەستیان بە مانۆڕی مەشقکردن کردووە.

لەگەڵ ئەوەشدا، سەرچاوە هەواڵگرییەکان باس لەوە دەکەن کە سەرۆکی ئەمریکا پێشتریش، چەندین جار بڕیاری دەستپێکردنی هێرشەکانی لە دوایین ساتەکاندا ڕاگرتووە بەهۆی نیگەرانی لە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و پەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکان پێش وادەی دەنگدان.

لە بەرامبەردا، بەرپرسانی ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی فراوانیان کردووە و هۆشداری دەدەن ئەمجارە تەنها کەشتی و ناوەندە نەوتییەکان ناکەنە ئامانج، بەڵکو هێرشەکانیان بۆ سەر ناوەندەکانی داتا، کێبڵە دەریاییەکانی ئینتەرنێت و پاڵاوگە گەورەکانی ناوچەکە دەبێت. تاران دووپاتی دەکاتەوە هەر هێرشێک ڕووبدات شەڕەکە بە خێرایی کۆتایی نایەت و سنووردار نابێت.

ئاڵۆزییە سەربازییەکانی نێوان واشنتۆن و تەلئەبیب لەگەڵ تاران، دوای هێرشە چڕەکانی سەرەتای ئەمساڵ چوونەتە قۆناغێکی نادیار و هەوڵە دیپلۆماسییەکان تا ئێستا نەیانتوانیوە ڕێگری لە هەڵگیرسانی شەڕێکی نوێ لە ناوچەکەدا بکەن.