زیانگەیشتن بە هێڵەکانی گواستنەوەی وزە لە پایتەختی هەرێمی کوردستان، کێشەی بێکارەبایی بۆ زیاتر لە 70 هەزار هاووڵاتی دروست کرد.

ئەمڕۆ وەزارەتی کارەبا بڵاویکردەوە، بەهۆی ئەنجامدانی زنجیرەیەک کاری شارستانی و سازدانەوە، 12 کێبڵی کارەبای پاڵەپەستۆی بەرزی 132 کەی ڤی زیانیان پێگەیشتووە و ئەمەش بووەتە هۆی پچڕانی تەزووی کارەبا لە وێستگەکانی نووسەران و پارک لە شاری هەولێر.

بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی کارەبا، ڕووداوەکە گرفتی پچڕانی کارەبای بۆ نزیکەی 72 هەزار هاووڵاتیی دروست کردووە کە نیشتەجێی ژمارەیەک لە گەڕەکە سەرەکییەکان و کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوونی پایتەختی هەرێمی کوردستانن.

وەزارەتی کارەبا ڕوونیکردەوە، بەهۆی لەکارکەوتنی ئەم کێبڵانە، گەڕەکەکانی نووسەران، حاکماوە، تەیراوە، بەشێکی بەختیاری، سەڵاحەدین، ئاری، لەگەڵ تاوەرەکانی گوڵان، پڕۆژەی کواترۆ، سکای تاوەر و بۆلیڤارد بێکارەبا بوون.

لە ئێستادا، تیمەکانی چاککردنەوە لە وەزارەتی کارەبا لەگەڵ پڕۆژەی ڕووناکی بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ چاککردنەوەی کێبڵەکان و پێشبینی دەکرێت ئەمشەو دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە و کارەبای ئەو ناوچانە بگەڕێتەوە بۆ باری ئاسایی.

تۆڕی دابەشکردن و گواستنەوەی کارەبا، لە شارە گەورەکاندا بەردەوام بەهۆی فراوانبوونی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و بەرکەوتنی ئامێرە بیناسازییەکان لەگەڵ هێڵە ژێرزەمینییەکان دووچاری گرفتی لەناکاو دەبێتەوە.