هەوڵە فەرمییەکان بۆ پشتگیریکردنی کەرتی ڕۆژنامەوانی و ڕۆشنبیری لە عێراق بەردەوامییان هەیە و بڕیارە شایستە داراییەکانیان لە بودجەی گشتیدا زیاد بکرێت.
ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند، فالح ساری، وەزیری دارایی پێشوازی لە موئەیەد لامی، سەرۆکی یەکێتیی ڕۆژنامەنووسانی عەرەب کردووە و لە دیدارێکدا ڕەوشی کاری ڕاگەیاندن و شێوازەکانی پشتیوانیکردنی توێژی ڕۆژنامەنووسانیان تاوتوێ کردووە.
لە دیدارەکەدا، بە وردی باسی پرسی پاداشتی هاندان بۆ ڕۆژنامەنووسان، هونەرمەندان و نووسەران کراوە، هاوکات بڕیاریش دراوە، کار بۆ بەردەوامیی پێدانی ئەو شایستانە و زیادکردنی بڕەکەی لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027دا بکرێت بە جۆرێک شایستەی پێگەی ڕۆشنبیریی عێراق بێت.
وەزیری دارایی دووپاتی کردووەتەوە، وەزارەتەکەی سوورە لەسەر بەردەوامیدان بە پشتیوانیی دارایی بۆ ئەم توێژە و کارئاسانی بۆ جێبەجێکردنی پەیامە پیشەییەکەیان، لەبەر ئەوەی ڕۆڵێکی گرنگ لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و چەسپاندنی ناسنامەی نیشتمانیدا دەگێڕن.
لە بەرامبەردا، سەرۆکی یەکێتیی ڕۆژنامەنووسانی عەرەب دەستپێشخەرییەکانی وەزارەتی دارایی بۆ پاراستنی شایستەی ڕۆژنامەنووسان و بەرزکردنەوەی ئاستی بژێویی ژیانیان بەرز نرخاند، پاداشتی هاندان لە عێراق ساڵانە لە چوارچێوەی بودجەی گشتیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان، ئەدیبان و هونەرمەندان تەرخان دەکرێت وەک پاڵپشتییەکی دارایی بۆ بەرهەمهێنانی فەرهەنگی و پیشەیی.
ڕۆژنامەنووسان لە بودجەی 2027 سوودمەند دەبن
کورتە
وەزارەتی دارایی عێراق لەگەڵ یەکێتیی ڕۆژنامەنووسانی عەرەب تاوتوێی ڕەوشی ڕاگەیاندکاران دەکات و بڕیارە پاداشتی هاندانی ساڵانەی ڕۆژنامەنووسان، هونەرمەندان و نووسەران لە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 زیاد بکرێت.