سەرۆک بارزانی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ باڵیۆز و هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، پێداگریی لەسەر پاراستنی مافی پێکهاتەکان، جێبەجێکردنی دەستوور و بەردەوامی هاوبەشییە ستراتیژییەکان کردەوە.
ئەمڕۆ بارەگای بارزانی ڕایگەیاند، سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە ستیڤ فەیگن، باڵیۆز و هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، بە ئامادەبوونی گوێندەلین گرین، کونسوڵی گشتی ئەو وڵاتە لە هەولێر کرد.
لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسی خرایە بەرباس و تێیدا سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە کە پێوەندییەکان لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور، هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان داڕێژراونەتەوە، هاوکات پشتیوانیی خۆی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چوارچێوەی دەستووردا دەربڕی و پێداگریی لەسەر ماف و نوێنەرایەتیی شایستەی پێکهاتەکان، بەتایبەتی کریستیانەکان لە ڕێگەی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەوە کردەوە.
سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان بەشێک نەبووە و نابێت لە ململانێکان و چارەسەری دیپلۆماسی بە باشترین ڕێگە دەزانێت. هاوکات، شاندی ئەمریکا پابەندبوونی واشنتنی بۆ پاراستنی ئاسایش، سەقامگیری، گەشەی ئابووری و هاوکاریی سەربازی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و دڵنیایی دا کە کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بە واتای کۆتاییهاتنی پێوەندییە دووقۆڵییەکان نایەت.
لە ساڵانی ڕابردوودا، پێوەندییەکانی نێوان هەولێر و واشنتن لە چوارچێوەی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی هاوسەنگیی سیاسی لە عێراقدا قۆناغێکی گرنگیان بڕیوە، هەوڵە دیپلۆماسییە بەردەوامەکانیش لەپێناو دڵنیابوونەوەیە لە بەردەوامیی ئەم هاوپەیمانییە لە قۆناغی دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیماناندا.