تەندروستی هەولێر هۆشداری دەداتە دایک و باوکان کە پەتای ڤایرۆسیی سوورێژە (سووریکە) مەترسیدارە و دەبێت منداڵەکانیان لە کوتان بێبەش نەکەن.
ئهمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی کاروباری پاراستنی تەندروستیی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا هۆشداریی لەبارەی پەتای ڤایرۆسیی سوورێژە (سووریکە) دا و پێداگریی لەسەر گرنگی کوتان و پەیڕەوکردنی خشتەی ڤاکسین کردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە سوورێژە پەتایەکی ڤایرۆسییە و بە نیشانەکانی وەک تا، کۆکە، ئاوسانی لووت و دەرکەوتنی خاڵی سوور لەسەر جەستە دەردەکەوێت.
بەڕێوەبەرایەتی کاروباری پاراستنی تەندروستی هەولێر داوا لە دایک و باوکان دەکات، لەپێناو پاراستنی تەندروستی منداڵەکانیاندا لە کوتان بێبەشیان نەکەن و لە کاتی دەرکەوتنی نیشانەکاندا سەردانی نزیکترین بنکەی تەندروستی بکەن.
سەبارەت بە تۆمارکردنی حاڵەتەکانی تووشبوون بە پەتای سوورێژە، سامان سەلمان، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەولێر بە پایتەخت میدیای گوت: "تاکوو ئێستا هیچ تووشبوویەکی پەتای سوورێژە لە نەخۆشخانەکاندا تۆمار نەکراوە، ئەوەی هەیە تەنیا بڵاوکردنەوەی ڕێنمایییەکانە بۆ خۆپارێزی."