دوای لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەش، کەسێکی دیکە لەسەر کەیسی هێرشکردنە سەر ئۆتۆمبێلی ئەفسەرێکی پۆلیسی دارستانی خانەقین دەستگیر کرا.
ئەمڕۆ عەقید سۆران حەمە غەریب، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان، بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، لەسەر کەیسی تەقەکردن لە ئۆتۆمبێلی نەقیب هاوڕێ، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی خانەقین، کەسێکی دیکەیان بە تۆمەتی حەشاردانی تەقەکەرەکە و هاوکاریکردنی دەستگیر کردووە.
ناوبراو ڕوونی کردەوە، دەستگیرکردنەکە لەسەر فەرمانی دادوەر و لەلایەن تیمێکی هاوبەشی پۆلیس و ئاسایشەوە ئەنجام دراوە، تۆمەتبارەکەش بەپێی ماددەی 430 لە یاسای سزادانی عێراق ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت.
ڕووداوەکە لە ماوەی ڕابردوودا لە شاری کەلار ڕووی دابوو، کاتێک چەکدارێک زیاتر لە 20 فیشەکی بە ئۆتۆمبێلی فەرمیی ئەو ئەفسەرەی پۆلیسی دارستانەوە نابوو بە مەبەستی سووتاندنی لەبەردەم ماڵەکەیدا، بەڵام هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتبووەوە. دەستبەجێ دوای ڕووداوەکە، تیمی هاوبەشی پۆلیس و ئاسایشی ناوچەکە بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی تاوانەکە پێک هێنران.
لە ماوەی ڕابردوودا، پۆلیسی دارستان و ژینگە لە ناوچەکە هەڵمەتەکانی بۆ ڕێگریکردن لە ڕاوکردنی نایاسایی و بڕینەوەی دارەکان چڕ کردووەتەوە، ئەمەش لە هەندێک کاتدا کاردانەوە و هێرشی سەرپێچیکارانی بەرامبەر ئەفسەران و کارمەندانی ئەو دەزگایەی لێ کەوتووەتەوە.