بڕیارە سبەی دادگاییکردنی لاهور تاڵەبانی بەڕێوە بچێت و بڕیاری کۆتایی له‌سه‌ر چاره‌نووسی بدرێت. سەرچاوەیەکی تایبەت و ئاگاداریش لە زیندانی چاکسازیی گەورانی سلێمانییەوە زانیاریی نوێ و هەستیاری لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ پایتەخت میدیا ئاشکرا کرد.

 

ئه‌مڕۆ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار لە زیندانی چاکسازیی گەورانی سلێمانییەوە به‌ پایته‌خت میدیای ڕاگەیاند، ئەمشەو لەنێو چاکسازیی گەورانی سلێمانی دەست بە نۆژەنکردنەوە و ڕێکخستنی ئەو ژوورە کراوە کە پێشتر شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێی تێدا زیندانی کرابوو.

 

بە وتەی سەرچاوەکەی پایتەخت میدیا، کارمەندانی زیندانەکە لە ئامادەکاریی پێشوەختەدان بۆ ئەوەی سبەی دوای دەرچوونی بڕیاری دادگا، لاهور تاڵەبانی بخرێتە هەمان ئەو ژوورەی کە نۆژەن دەکرێتەوە.

 

لەلایەکی ترەوە ئه‌مڕۆ دانا تەقییەدین، گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهور تاڵەبانی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاندبوو، كه‌ دانیشتنی سبەی بۆ کەیسی لاهور تاڵه‌بانی و گیراوانی لالەزار یەکلاکەرەوە دەبێت.

 

گوتەبێژی تیمی پارێزەران ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، لە دانیشتنەکەدا داواکاری گشتی یادداشتی دادوەریی خۆی دەخاتە ڕوو و بڕیاری کۆتاییش لە دەسەڵاتی دادوەران و دادگادایە.

 

هاوکات ژینۆ ئیبراهیم، ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهور تاڵەبانی بۆ پایتەخت میدیا ئاشکرای کرد کە ناوبراو هەفتەی پێشوو داوای کردووە دۆسیەکەی بە زووترین کات یەکلا بکرێتەوە و کۆتایی پێ بهێنرێت.

 

ئەو ئەندامەی تیمی پارێزەران جەختی لەوەش کردەوە کە بە هەموو ئەگەرێکەوە دانیشتنی سبەی یەکلاکەرەوە دەبێت، هاوکات سەرجەم ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی لاهور تاڵەبانی کراون بە تەواوی ڕەت دەکرێنەوە.

 

بەپێی زانیارییەكان، پرۆسەی دادگاییکردنی لاهور تاڵەبانی بەپێی ماددەکانی 56 و 406 لە یاسای سزادانی عێراقی بەڕێوە دەچێت و ئەگەری سزادانی بە یەکێکیان یان هەردووکیان لە ئارادایە.

 

ماددەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی تایبەتە بە ڕێککەوتنی تاوانکاری و سزا بۆ ئەو کەسانە دیاری دەکات کە ڕێک دەکەون بۆ ئەنجامدانی تاوانێک بەڵام جێبەجێی ناکەن، سزاکەشی لە 3 ساڵ کەمتر نییە و لە 7 ساڵ زیاتر نییە.

 

ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی تایبەتە بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست، ئەم تۆمەتەش دەگەڕێتەوە بۆ شەڕی شەوەکەی لالەزار و کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک لە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان، کە سزاکەی تا لەسێدارەدان دەڕوات.

 

ڕووداوی دەستگیرکردنی سه‌رۆكی به‌ره‌ی گه‌ل دەگەڕێتەوە بۆ بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 22ی ئابی 2025، دوای ئەوەی لە هۆتێل لالەزار شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزەکانی کۆماندۆ، دژەتیرۆر و ئاسایش ڕووی دا و لاهور تاڵەبانی لەگەڵ پۆڵاد تاڵەبانیی برای دەستگیر کران.