ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بە مەبەستی کەمکردنەوەی خەرجییەکانی هاووڵاتییان، بڕیاری دا بە سفرکردنەوەی باجی گومرگی لەسەر سیستمەکانی وزەی خۆر.
ئەمڕۆ وەزارەتی کارەبای عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم بڕیارە دوای پێشنیارێکی فەرمیی وەزیری کارەبا دێت، کە لە 23ـی ئەیلوولی 2026 ئاڕاستەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران کردبوو، تێیدا داوای کەمکردنەوەی باجە گومرگییەکانی سەر سیستمەکانی وزەی خۆر و بەشەکانی کردبوو، تاوەکو ئاسانکاری و هانی هاووڵاتییان بدرێت بۆ کڕینیان.
لە بەشێکی راگەیەندراوەکە وەزارەتی کارەبا باسی لەوە کردوو، لە چوارچێوەی هەنگاوەکان بۆ ڕێکخستنی کەرتی وزە، ڕەشنووسی ڕێنماییەکانی بەستنەوەی سیستمەکانی وزەی خۆر بە تۆڕی کارەبای نیشتمانییەوە لە 40 ماددەدا ئامادە کرا، ئامانج لەم ڕێنماییانە دیاریکردنی میکانیزمی فەرمیی بەستنەوە و ئاڵوگۆڕکردنی وزەی کارەبایە لە نێوان هاووڵاتییان و تۆڕی نیشتمانییدا.
بەپێی ڕێنماییە پێشنیارکراوەکان، هاووڵاتییان دەتوانن لە ڕێگەی دامەزراندنی پێوەری ژیرەوە سیستمە خۆرییەکانیان بە تۆڕی گشتییەوە ببەستنەوە. ئەم هەنگاوە ڕێگە دەدات بەپێی بڕی ئەو وزەیەی بەرهەمی دێنن و دەیدەنەوە بە تۆڕەکە، بڕی پسوولەی مانگانەی کارەباکەیان بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بێتەوە.