پلەکانی گەرما لە سەرجەم شار و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بەرەو نزمبوونەوەی زیاتر دەچن، شارەزایانی کەشناسیش لەبارەی هاتنی بارانبارینی بەخوڕ هۆشدارییەکی بەپەلە دەدەن.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان لە هۆشدارییەکدا ئاماژەی بەوە دا، ئاسمانی زۆربەی ناوچەکان هەوری تەواو دەبێت و لە ئێوارە و درەنگانی شەودا، ڕێژەی دابارین و چالاکبوونی هەورەبروسکە لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە، باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی دهۆک، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ڕاپەڕین و بەشێک لە گەرمیان زیاد دەکات.
لەلایەکی دیکەوە، ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی لەبارەی کەشی سبەی ڕایگەیاند. لە کاتەکانی بەیانی و تا نیوەڕۆ، کاریگەریی بارانبارین و هەورەتریشقە لەسەر ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ناوچە شاخاوییەکان، بەشێک لە ناوچەکانی هەولێر، ڕاپەڕین، سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان بەردەوامیی دەبێت.
ئاراس جەبار جەختی کردەوە، لە دوای نیوەڕۆوە کەشوهەوا جێگیر دەبێتەوە و ئاسمان دەگۆڕێت بۆ پەڵەهەور و نیمچەهەور و لە کاتەکانی ئێوارەدا کاریگەریی ئەم حاڵەتە بە تەواوی کۆتایی پێ دێت، هەروەها پلەکانی گەرماش بە ڕێژەی 2 پلەی تر نزمدەبنەوە.
هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی، شارەزای کەشناسی ڕوونیکردەوە، لەئێستادا هەورە بروسکەی زۆرچڕی باراناو چووەتە ئاسمانی ناوچەکانی باشووری پارێزگای موسڵ و ڕۆژئاوای کەرکووک، ڕۆژئاوای سلێمانی و باشووری ڕۆژهەڵاتی هەولێر بووە، لەکاتی چڕبوونەوەی هەوره کەڵەکەبووەکان ئەگەری تاوەبارانی مامناوەند بۆ بارانی بەخوڕ هەیە.