وەزیری بەرگریی عێراق بڕیارێکی توندی دەرکرد، کە بە تەواوی بڵاوکردنەوەی وێنە بە جلوبەرگی سەربازییەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قەدەغە دەکات.

نایف شمەری، وەزیری بەرگریی عێراق لە نوێترین بڕیاریدا بە تەواوی ڕێگری لە سەرکردە، ئامر، ئەفسەران و سەربازانی وەزارەتەکە دەکات لە بڵاوکردنەوەی وێنە، ڤیدیۆ و دەربڕینی ڕای کەسی بە جلوبەرگی سەربازییەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.

بەپێی بڕیارەکە، هەر کەسێک سەرپێچیی ئەم ڕێنماییانە بکات، دەستبەجێ ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی و سزادانی دیسپلینیی توند دەبێتەوە.

وەزیری بەرگری عێراق جەختی لەوەش دەکاتەوە، مافی لێدوان و بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیارییەکان تەنیا لە دەسەڵاتی گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی بەرگریدایە.

ئەم هەنگاوەی وەزارەتی بەرگری بە مەبەستی پاراستنی نهێنییە سەربازییەکان، ڕێگریکردنە لە ئاشکراکردنی شوێنی جووڵەی هێزەکان، کاتی دەوامی سەربازان و نەدانی هیچ دەرفەتێک بۆ دزەکردنی زانیارییە ئەمنییەکان لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە.