ئیسرائیل لە هەوڵەکانی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەردەوامە، بەڵام لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە ڕێگری لێ دەکرێت.
ئەمڕۆ ڕۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە ئاشكرای کرد، سوپای ئیسرائیل لەسەر فەرمانی بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە پلانی بۆ هێرشێکی فراوانی چەندین ڕۆژەی بۆ سەر ئێران داڕشتبوو، کە بڕیاربوو لە 10-10-2026 دەستپێبکات و تێیدا ژێرخانی وزە، وێستگەی کارەبا و ئەتۆمی بکاتە ئامانج.
بەگوێرەی زانیاری ڕۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز، پلانەکە جێبەجێ نەکراوە چونکە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دژی وەستاوەتەوە بەهۆی کاریگەری جەنگ لەسەر هەڵبژاردنی نیوەخولی ئەمریکا، کە وا بڕیارە لە دوو هەفتەی داهاتوو هاوشانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل بەڕێوەبچێت.
لەلایەکی دیکەوە، بەمەبەستی فشارخستنە سەر ئێران بۆ ڕێککەوتن، لە سەرەتای ئەم مانگەوە ئیسرائیل پێشنیاری ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی کردبوو، بەڵام بڕیاری کۆتایی لە دەستی سەرۆکی ئەمریکا بووە و ئەویش ڕازی نەبوونە. هەواڵگری ئیسرائیل ئەمجارە چەندین ئامانجی نوێی دیاریکردووە، کە لە هەردوو جەنگی 12 ڕۆژەی پار ساڵ و جەنگەکەی ئەمساڵ بۆردوومانی نەکردوون.
ئەمە لە کاتێکدایە سوپای ئیسرائیل چەندین هەفتەیە لە دۆخی ئەوپەڕی هۆشیاری دایە و بەپێی چەندین سەرچاوەی ئیسرائیلی و عێراقی، چەندین ڕۆژە ئیسرائیل شەوان بە فرۆکەی جەنگی ئاسمانی عێراق کۆنترۆڵ دەکات تا ئێران لە ترسی هێرشی لەناکاو تووشی سەرلێشێوان بکات. دوێنێش پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس لە زاری چەند سەرچاوەیەکی باڵاوە ئاشکرای کرد، پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە سەردانێکی ڕانەگەیەندراویدا بۆ بنکەیەکی ئاسمانی لە بیابانێکی باشووری ئیسرائیل، لەگەڵ نەتەنیاهو کۆبووەتەوە.