تیمەکانی پاککردنەوەی مین، دەیان پارچە مین و تەقەمەنیی جۆراوجۆر لە ناوچەیەکی شاخاویی سنووریدا پووچەڵ دەکەنەوە.
ئەمڕۆ دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەڵەبجە بڵاوی کردەوە کە لە دوو هەڵمەتی جیاوازدا لە سنووری ناحیەی بیارە، دەستیان بەسەر دەیان مین و پاشماوەی جەنگیدا گرتووە و لەناویان بردوون. لە ئەرکی یەکەمدا لە کێڵگەی بەڵخی کاکل 5 مینی جۆری (V69)، 3 مینی جۆری (VS50)، گوللەیەکی ئاڕ پی جی، 2 گوللەی (RGFASS) و 2 گوللەهاوەنی 60 میلمی پووچەڵ کراونەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی دەزگای گشتیی کاروباری مینی هەڵەبجە، لە ئەرکی دووەمیشدا لە کێڵگەی پشتی نوقمەکان لە سەیرانگەی ئاوێسەر، مینێکی تری (V69) و گوللەهاوەنێکی 82 میلمی بێمەترسی کراون و بۆ شوێنێکی پارێزراو گوازراونەتەوە، تاکوو بەیەکجاری لەناوببرێن.
ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای هەڵەبجە و دەوروبەری، بەهۆی جەنگی 8 ساڵەی نێوان عێراق و ئێرانەوە ڕووبەرێکی فراوانیان بە مین چێنراوە. سەرەڕای تێپەڕبوونی دەیان ساڵ بەسەر ئەو شەڕەدا، هێشتا ساڵانە هاووڵاتییان و ئاژەڵداران لەو ناوچانەدا ڕووبەڕووی مەترسیی ئەم پاشماوە کوشندانە دەبنەوە.