هەوڵەکان بۆ بنبڕکردنی سەرچاوەکانی پیسبوونی ژینگە لە هەرێمی کوردستاندا چڕ دەکرێنەوە و هەڵمەتێکی نوێ دژی سەرپێچیکاران دەستی پێ کردووە.
بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەرجەم پاڵاوگە نایاسایییەکان داخراون و هیچ مۆڵەتێکی فەرمییان پێ نەدراوەتەوە، بەڵام لە ماوەی هەفتەیەکدا نزیکەی 4 پاڵاوگە لە کاتەکانی شەودا بەدزییەوە کاریان کردووە و دوای ئاشکرابوونیان خاوەنەکانیان دەستبەسەر کراون و شوێنەکانیشیان داخراون.
بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، ئەو لایەنانەی بە نهێنی کار دەکەن ڕووبەڕووی قورسترین سزای یاسایی دەبنەوە، هاوکات بەهۆی دەرکەوتنی دیاردەی سووتاندنی تایە و پاشماوەکان لە کاتەکانی شەودا، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکاندا هەڵمەتێکی فراوان بۆ دەستبەسەرکردن و سزادانی سەرپێچیکاران دەست پێ دەکات.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە کۆی نزیکەی 160 پاڵاوگەی نایاسایی لە هەرێمی کوردستاندا، 139 پاڵاوگە لە هەولێر، 14 لە دهۆک و 6 پاڵاوگە لە سلێمانی داخراون، تەنیا 3 پاڵاوگەی سەرەکی بە شێوەیەکی فەرمی کار دەکەن کە لەگەڵ ڕێنمایییە ژینگەیی و حکومییەکاندا دەگونجێن.
هەروەها لە چوارچێوەی هەوڵە ژینگەیییەکاندایە و لە ڕێگەی پڕۆژەی (ڕووناکی)یەوە بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، زیاتر لە 3 هەزار مۆلیدە لەکار خراون، کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ڕۆژانەی نزیکەی 700 تۆن لە گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و پاکبوونەوەی ئاسمان و ژینگەی هەرێمی کوردستان.
پێشتریش لە مانگی ئایاری ساڵی 2024دا، بە فەرمانی سەرۆکوەزیران بڕیاری داخستنی سەرجەم پاڵاوگە نایاسایییەکان درا. ئەم هەنگاوەش دوای ئەوە هات کە گاز و دووکەڵی ئەو پاڵاوگانە مەترسییەکی گەورەیان بۆ سەر پاکی هەوا و تەندروستی هاووڵاتییان دروست کردبوو.