دوای زنجیرەیەک گفتوگۆی ئەرێنی نێوان واشنتن و کێیڤ، هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا گەیشتنە قۆناغێکی چارەنووسساز.

ئەمڕۆ مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، دانوستانەکانی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی واشنتن، لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، لە شاری ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج ئەنجامێکی زۆر ئەرێنی هەبووە.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کردەوە کۆبوونەوەکە هیچ سوپرایزێکی نەبووە و لە چوارچێوەی پێشبینیکراودا بەڕێوە چووە، ئێستاش نێردە ئەمریکییەکە لە ڕێگایە بەرەو سەنت پترسبۆرگ، بە مەبەستی خستنەڕووی ئەو بیرۆکانە بۆ بەرپرسانی ڕووسیا و بە ئامانجی بەدەستهێنانی پێشکەوتنێکی بەرچاو.

بەپێی زانیاریی بەرپرسێکی ئەمریکی بۆ ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس (AFP)، تەوەرەکانی گفتوگۆکەی ئۆسلۆ تیشکیان خستووەتە سەر چوارچێوەیەکی گشتگیر بۆ ئاشتی، دابینکردنی گەرەنتیی ئەمنیی درێژخایەن بۆ ئۆکراینا، لەگەڵ داڕشتنی پلانە ئابووری و گەشەپێدانەکانی قۆناغی دوای جەنگی نێوان هەردوو وڵات.

هەر لەهەمان کۆبوونەوەدا، هەردوو لایەن، نێردەی ئەمریکا و سەرۆکی ئۆکراینا، تاوتوێی داڕشتنی پێکهاتەیەکی ئەمنیی فراوانتریان لەسەر ئاستی ئەوروپا کردووە، بەمەبەستی مسۆگەرکردنی سەقامگیریی درێژخایەن لە ناوچەکەدا.

دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکەی ئۆسلۆ، بڕیارە ستیڤ ویتکۆف لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی پێشنیازە نوێیەکانی کێیڤ لە پێناو وەستاندنی جەنگ. بەپێی زانیارییەکان، لەو گفتوگۆیەدا جارید کوشنەریش لە ڕێگەی پەیوەندیی ڤیدیۆییەوە بەشداری دەکات، بە ئامانجی ئامادەکردنی زەمینە بۆ دەستپێکردنی دانوستانی ڕاستەوخۆی سێقۆڵی (ئەمریکا، ڕووسیا، ئۆکراینا) و فرەلایەنە لە ئاستێکی فراوانتردا.

 

پێشتریش لە ماوەی زیاتر لە 3 ساڵی ڕابردوودا، جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا زیانی گیانی و دارایی گەورەی لە ئەوروپا بەجێهێشتووە، هەوڵە دیپلۆماسییە نوێیەکان لە کاتێکدان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوەڕوانی دەستپێکردنی گفتوگۆی ڕاستەوخۆی نێوان لایەنە ناکۆکەکان دەکات.