لە درێژەی هەوڵەکاندا بۆ ڕێگریکردن لە هاوردەکردنی کاڵا و پێداویستییە نایاساییەکان، هێزەکانی دەروازەی سنووریی شەیب لە پارێزگای میسان توانیویانە هەوڵێکی قاچاغچێتی هێنانی بڕێکی زۆر لە دەرزیی جوانکاریی (فیلەر)ـی کۆری بۆ ناو خاکی عێراق پووچەڵ بکەنەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی سنووریی شەیب لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی لەوە کردەوە، لە کاتی پشکنینی بارهەڵگرەکاندا دەست بەسەر بڕێکی زۆر دەرزیی فیلەری کۆریدا گیراوە کە شۆفێرێکی بارهەڵگر بە شێوازێکی نایاسایی، شاراوە و دوور لە سەرجەم مەرج و ڕێنماییە تەندروستییەکان هەوڵی داوە بیهێنێتە ناو وڵاتەوە، بە بێ ئەوەی هیچ ڕەزامەندی یان پشکنینێکی فەرمیی پزیشکی هه‌بێت.

لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ڕێکارە یاسایییەکان بەرامبەر شۆفێری تۆمەتبار گیراونەتە بەر، کۆنووسی فەرمیی دەستبەسەرداگرتن بۆ شمەکەکە ڕێکخراوە و دۆسیەکەی بۆ وەرگرتنی ڕێکاری پێویست ڕادەستی دادوەری لێکۆڵینەوە کراوە.