نێردەی تایبەتی ئەمریکا هۆشداری بە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا کە چیتر ناتوانن گەرەنتی سەقامگیری بکەن، دەستوەردانی ئەمریکاشی لە ڕابردوو بە "کارەسات" وەسف کرد.
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەل جەزیرە لە کۆڕبەندی ئاسایشی جیهانی لە دەوحە ڕایگەیاند، واشنتن لە ڕۆڵی سەقامگیرکردنی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوور دەکەوێتەوە و دەبێت وڵاتانی ناوچەکە بەرپرسیارەتی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە هەڵبگرن، چونکە دەستوەردانی زەمینەیی ئەمریکا چەندین جار شکستی هێناوە.
نێردەی تایبەتی ئەمریکا لەبارەی ئەم گۆڕانکارییە نوێیە جەختی کردەوە، کە ئەمە بە مانای ئەوە نایەت ئەمریکا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێدەهێڵێت.
تۆم باراک ئاماژەی بە دەستوەردانی ئەمریکا لە کاروباری هەر یەک لە وڵاتانی عێراق، لیبیا و ئەفغانستان لە ماوەکانی ڕابردوو دا وەک بەڵگەیەک لە سنوورداری هەوڵەکان لە ڕێگەی سەربازییەوە بۆ گۆڕینی وڵاتانی ناوچەکە، "هەر جارێک ئێمە کەسێک یان ڕژێمێکمان گۆڕی بێت، بڕیارەکە هەڵە بووە، هەر کاتێک هەوڵی کۆنترۆڵکردنی وڵاتێکمان دابێت، کارەسات بووە."
ئەم لێدوانانەی نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە کاتێکدایە، لە 30-9-2026 هێزەکانی ئەمریکا دوای 12 ساڵ عێراقیان جێهێشت و بەگوتەی سەرچاوە عێراقی و ئەمریکییەکان، دوای جێهێشتنی هێزەکان چیتر پێویست بە بوونی گرووپە چەکدارەکان ناکات و دەبێت هەڵبووەشێندرێنەوە.