باڵیۆزخانەی ئۆکراینا لە عێراق زانیارییەکی ئاژانسی تەسنیم لەبارەی جێگیرکردنی درۆن لە هەرێمی کوردستان ڕەت دەکاتەوە.

ئەمڕۆ باڵیۆزخانەی ئۆکراینا لە عێراق، ڕاپۆرتێکی ئاژانسی "تەسنیم"ـی ئێرانی بە چەواشەکارییەکی ئەنقەست ناو برد، کە تێیدا باس کرابوو ئۆکراینا هەزاران درۆنی لە هەرێمی کوردستان جێگیر کردووە.

باڵیۆزخانەی ئۆکراینا لە عێراق، جەختی کردەوە وڵاتەکەی هیچ جۆرە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی و یەکەی سەربازی یان ڕاوێژکارێکی پەیوەندیداری بە درۆنەوە، نە لە هەرێمی کوردستان و نە لە هیچ ناوچەیەکی تری خاکی عێراق بڵاونەکردووەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئۆکراینا بە تەواوی ڕێز لە سەروەریی کۆماری عێراق و پاراستنی خاکی دەگرێت و بایەخێکی زۆر، بە پەیوەندییە دۆستایەتییەکانی لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات.