ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا باجی گومرگی لەسەر سەرجەم سیستمەکانی وزەی خۆر بە تەواوی سفر بکاتەوە.

 

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بڕیاری دا باجی گومرگی لەسەر سەرجەم سیستمەکانی وزەی خۆر بە تەواوی سفر بکاتەوە کە هاوردەی وڵات دەکرێن.

 

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم بڕیارە وەک پاڵپشتییەک بۆ کەرتی تایبەت و هاندانی هاووڵاتییانە بۆ کڕینی سیستمەکانی وزەی خۆر و ڕووبوونەوە لە بەکارهێنانی وزەی پاک، کە هاوکار دەبێت لە کەمکردنەوەی ئەرکی سەر تۆڕی نیشتمانیی کارەبا.

 

لە ماوەکانی ڕابردوودا، ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی گرانبوونی نرخ و پشتگیریکردن لە ئاسایشی خۆراک، چەندین بڕیاری گرنگ لەبارەی سفرکردنەوە و کەمکردنەوەی باجی گومرگی لەسەر پێداویستییە سەرەکییەکان و کاڵاکانی وەک گۆشت، مریشک و هێلکە دابوو.