هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لە هەڵمەتێکی هاوبەشدا چەند ڕاوچییەکی نایاسایییان دەستگیر کرد و دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێل و ژمارەیەک ئاژەڵی کێویدا گرت.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ڕاپەڕین بڵاویکردەوە، شەوی ڕابردوو لەسەر بنەمای زانیاریی وردی بازگەی ئاسایشی قەمتەران، بنکەی پۆلیسی دارستانی چوارقوڕنە توانیویەتی 3 تۆمەتبار دەستگیر بکات.
بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ڕاپەڕین، لەم چالاکییەدا توانراوە دەست بەسەر 8 کەروێشکی ڕاوکراو، 3 سەگی تاژی و ئۆتۆمبێلێکی ڕاوچییەکاندا بگیرێت و پەڕاوی لێکۆڵینەوەش بۆ تۆمەتباران کراوەتەوە.
دەزگا ئەمنییەکان جەخت دەکەنەوە کە ڕێکاری توندی یاسایی بەرامبەر تۆمەتباران دەگرنە بەر و بەردەوام دەبن لە هەڵمەتەکانیان بۆ ڕێگریکردن لە زیانگەیاندن بە ژینگە؛ پۆلیسی دارستانیش هاوکاریی دەزگا ئەمنییەکانی وەک هۆکارێکی سەرەکی بۆ پاراستنی گیانلەبەرە کێوییەکان لە ناوچەکەدا هەژمار کردووە.
یاساکانی پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان، ڕاوکردنی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان لە سەرجەم وەرزەکاندا بە تەواوی قەدەغە دەکەن؛ سەرپێچیکارانیش بەپێی یاسا بەرکارەکان ڕووبەڕووی سزای دارایی و بەندکردن دەبنەوە.