سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئامادەیی تەواوی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتی لە هەر ئان و ساتێکدا دەردەبڕێت و بایکۆتکردنی پەرلەمان بە "ڕاکردن لە بەرپرسیاریەتی و بێوەفایی بەرامبەر دەنگی خەڵک" ناوزەد دەکات.

ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی پڕۆژەی فرەچەشنیی زینده‌یی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وەڵامی پرسیاری میدیاکارانی لەبارەی دۆخی سیاسی و کۆبوونەوەی لایەنەکان دایەوە.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، وەڵامی ئەو بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان هەمیشە یەک شت بووە؛ ئەوان بە تەواوی ئامادەن پەرلەمان کارا بکرێتەوە و پێویستە سەرجەم لایەنەکان و پەرلەمانتاران لە ئاستی بەرپرسیاریەتیی نیشتمانیدا بن.

مەسرور بارزانی جەختی کردەوە کە بایکۆتکردنی پەرلەمان ڕاکردنە لە بەرپرسیاریەتی و بێوەفایییە بەرامبەر بە دەنگی خەڵک، لە کاتێکدا پەرلەمانتاران دەتوانن پڕۆژە و ناکۆکییە سیاسییەکانی خۆیان لەناو هۆڵی پەرلەماندا بخەنە بەر گفتوگۆ نەک هۆڵەکە چۆڵ بکەن.

سەبارەت بە کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی، سەرۆکوەزیران ئاشکرای کرد کە ئەوان چاوەڕێی کۆبوونەوە بوون بەڵام بەهۆی هەندێک هۆکارەوە دواخرا، و جەختی کردەوە کە هەر کاتێک یەکێتی ئامادە بێت، ئەوان لە هەر کات و ساتێکدا ئامادەی ئەنجامدانی کۆبوونەوەکەن.

لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا، سەرۆکوەزیران باسی لە گرنگی پڕۆژەی ژینگەیی کوردستان فاوندەیشن کرد و داوای لە سەرجەم هاووڵاتییان کرد هاوکار بن لە پاراستنی سروشتی جوانی کوردستان و بەڵگەنامەکردنی زیندەوەران لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی پڕۆژەکەوە.

پەککەوتنی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان دوای هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەم، پڕۆسەی دانوستاندنەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی تووشی خاوی کردووە، و چاوەکان لەسەر ڕێککەوتنی نێوان لایەنە سەرەکییەکانن بۆ تێپەڕاندنی ئەم بەستەڵەکە سیاسییە.