بەهۆی داڕمانی زەوی لە کانێکی نایاسایی دەرهێنانی زێڕ لە ئەمریکای باشوور، زیاتر لە 20 کرێکار گیانیان لە دەست دا و کۆمەڵێکی تریش بریندار بوون.
ئەمڕۆ تۆڕی تەلەڤزیۆنی کاراکۆل بڵاویکردەوە، بەرپرسی ئاشتی و ئاسایش لە پارێزگای نارینیۆ لە باشووری ڕۆژئاوای کۆڵۆمبیا ڕایگەیاندووە، لە ئەنجامی داڕمانی کانێکی نایاسایی زێڕ، 14 کەس گیانیان لە دەست داوە و 7 کەسی تریش بریندار بوون.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بە کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنی گەڕان بە دوای ڕزگاربوواندا کردووە؛ هاوکات ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گواستنەوەی تەرمی قوربانییان بە بەلەم لە ڕێگەی ڕووبارێکی نزیک ناوچەکەوە پێشان دەدەن.
پارێزگای نارینیۆ لەسەر سنووری ئیکوادۆر، بە پێگەیەکی سەرەکیی بازرگانیی نایاساییی زێڕ و بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر دادەنرێت و باندە چەکدارەکان باڵادەستن بەسەریدا؛ بە وتەی بەرپرسانی خۆجێی، نەبوونی دەرفەتی کار و بێکاریی بەربڵاو وای لە دانیشتووانی ناوچەکە کردووە لەپێناو بژێویی ژیاندا ڕوو لەم کارە مەترسیدارە بکەن و بچنە ناو کانە نایاسایییەکانەوە.
کۆڵۆمبیا لە ساڵانی ڕابردوودا، بەردەوام ڕووبەڕووی ڕووداوی هاوشێوە بووەتەوە لەو کانانەی هیچ مەرجێکی سەلامەتی و چاودێریی یاسایییان تێدا نییە؛ چالاکی باندە چەکدارەکان لە ناوچە دوورەدەستەکان بووەتە هۆی پەکخستنی هەوڵە فەرمییەکان بۆ ڕێکخستنەوەی کەرتی دەرهێنانی کانزاکان.