ئاسایشی هەولێر دوو تۆمەتباری سەرەکیی ڕووداوی تەقەکردن لە ماڵێکی گەڕەکی زانکۆی دەستگیر کرد، کە یەکێکیان کەسایەتییەکی ناسراوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە.

 

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەسەر ڕووداوی تەقەکردن لە ماڵی هاووڵاتی (فاتمە ئیبراهیم) لە گەڕەکی 99ی زانکۆ، تیمی لێکۆڵینەوە تۆمەتباری سەرەکی بە ناوی (م، ع، ع) دەستنیشان کرد و لە کاتی گەڕانەوەیدا لە دەرەوەی هەرێم دەستگیری کرد.

 

لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە درێژەی بەدواداچوونەکاندا تۆمەتبارێکی تر بە ناوی عومه‌ر مه‌حموود فه‌قێ (ع، م، ف) کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ناسراوە دەستگیر کراوە. ناوبراو لە کامێراکانی چاودێریدا دەرکەوتووە کە لەگەڵ تەقەکەرەکە بووە و ماڵەکەی نیشان داوە.

 

ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە، تۆمەتبار (ع، م، ف) هانی کەسێکی تریشی داوە تەقە لە هەمان ماڵ بکات بەهۆی کێشەی لەگەڵ کوڕی خێزانەکە بە ناوی (زرار).

 

کوڕی ئەو ماڵە بە ناوی (زرار) خۆیشی تۆمەتبارە بەوەی پێشتر تەقەی لە نووسینگەی خانوبەرەی کەسایەتییە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە کردووە و لە ئێستادا بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان هەڵاتووە.

 

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، چه‌ند ڕۆژێک له‌مه‌وبه‌ر له‌ میدیاكاندا هه‌واڵی ده‌ستگیر كردنی عومه‌ر فه‌قێ، كه‌سایه‌تی ناسراوی هه‌رێمی كوردستان بڵاوكرایه‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ی هیچ ڕوونكردنه‌وه‌ و زانیارییه‌ک له‌باره‌ی هۆكاری ده‌ستگیر كردنه‌كه‌ی ئاشكرا كرێت.