لە کاتێکدا زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا پێشبینیی دەستپێکردنەوەی جەنگی ئێران دەکەن، وەزیری جەنگی ئەمریکا بە نهێنی سەردانی ئیسرائیلی کرد و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە کۆبووەوە.


ئەمڕۆ پێگەی هەواڵیی ئەکسیۆس لە زاری چەند سەرچاوەیەکی باڵاوە ئاشکرای کرد، پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە سەردانێکی ڕانەگەیەندراویدا بۆ بنکەیەکی ئاسمانی لە بیابانێکی باشووری ئیسرائیل، لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە کۆ بووەتەوە.


سەرچاوەکان ئاماژەیان بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی نێوان هێگسەس و نەتەنیاهو نەکردووە، بەڵام وەزیری جەنگی ئەمریکا لە پۆستێکیدا ئاماژەی بە سەردانێکی بۆ ناوچەی بەرپرسیارێتیی فەرماندەییی ناوەندیی ئەمریکا (سینتکۆم) کردووە، کە پەیوەستە بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا و هەندێک بەشی کیشوەری ئاسیا.


سەردانەکەی وەزیری جەنگی ئەمریکا لە کاتێکدایە، زانیارییە هەواڵگرییەکان ئاماژە بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگی ئێران دەکەن؛ دوێنێشەو میدیا عێراقییەکان ئاماژەیان بە جموجووڵی نزیکەی 10 فڕۆکەی جەنگیی ئیسرائیل لە ئاسمانی عێراقدا کرد و میدیا ئێرانییەکانیش ڕایان گەیاند، سوپای وڵاتەکە زەنگی ئەوپەڕی هۆشیاریی لێ داوە.