شەپۆلێکی بارانبارین، هەورەتریشقە و بای بەهێز ڕووی لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق کردووە و کەشناسان هۆشداری دەدەن لە دروستبوونی کەشوهەوایەکی ناجێگیر لە چەند کاتژمێری داهاتوودا.

 

ئه‌مڕۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان لە ئاگادارییەکی خێرادا ڕایگەیاند، کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور پاش چالاکبوونی لە باشووری عێراق، ئاراستەکەی گۆڕاوە و لە ئێستادا درێژ بووەتەوە بۆ سەر بەشێک لە ناوچە دەشتایییەکانی باشووری پارێزگای هەولێر و سەنتەری شارەکە.

 

بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە هەولێر پێشبینیی دروستبوونی هەورەتریشقەی ناوبەناو لەگەڵ تاوەبارانی کەم و زیادبوونی خێراییی با دەکرێت، هەروەها ئەم کەشە ناجێگیرە لە ماوەیەکی کورتدا بەرەو باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێر تێدەپەڕێت و کاریگەرییە کورتخایەنەکەی دەگاتە سنووری ئیدارەی گەرمیانیش.

 

لە لایەکی ترەوە، هەڤاڵ سه‌دیق گەڵۆزی، شارەزای کەشناسی لە ڕێگه‌ی وێنەی مانگە دەستکردەکانەوە ئاشکرای کرد، لە ئێستادا هەوری بروسکەی زۆر چڕی باراناوی چوونەتە ئاسمانی ناوچەکانی ڕۆژئاوای عێراق، باشووری مووسڵ، گەرمیان و باشووری سلێمانی.

 

هەڤاڵ سه‌دیق گەڵۆزی هۆشداریی ئەوەشی دا کە لە کاتی چڕبوونەوەی ئەو هەورە کەڵەکەبووانەدا، ئەگەری دروستبوونی تاوەبارانی بەخوڕ لەو ناوچانەدا هەیە.

 

سەبارەت بە ڕەوشی گشتی ئەمڕۆ سێشەممە 20ی تشرینی یەکەمی 2026، کەشناسیی هەرێم بڵاویکردوەته‌وە، ئاسمان لە نێوان نیمچەهەور و پەڵەهەور بۆ ساماڵ دەبێت و خێرایی با لەسەرخۆ لە نێوان 10 بۆ 15 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بە ئاراستەی باکووری ڕۆژهەڵات دەبێت.

 

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی کەشناسی، پلەکانی گەرمای ئەمڕۆ نزیکن لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ و لە هەندێک ناوچە 1 بۆ 2 پلە دادەبەزن، کە تێیدا لە هەولێر 29، سلێمانی و دهۆک 28 و لە گەرمیان بەرزترین پلە دەگاتە 33 پلەی سیلیزی.

 

دەربارەی کەشوهەوای سبەی چوارشەممە 21ی تشرینی یەکەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی پێشبینی دەکات کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆیەک سەرەتا لەسەر ناوچە سنوورییەکان بە نمەباران و هەورەتریشقەی لەناکاو دەست پێ بکات.

 

کەشناسی هەرێم ئەوەشی خستە ڕوو، لە دوای نیوەڕۆ و ئێوارەی سبەینێدا، نمەباران دەگاتە ناوچە جیاجیاکانی سنووری ئیدارەی زاخۆ، پارێزگای دهۆک، ڕۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێر و بەشێک لە ئیدارەی سۆران.

 

بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕوونی کردەوە کە لە ئێوارەی سبەی چوارشەممەدا لەسەر سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و بەشێک لە ئیدارەی ڕاپەڕین، بارانبارین و هەورەتریشقە زیاتر دەبێت و هەورەتریشقەی بەردەوام و چالاک ناوچەکە دەگرێتەوە.

 

کەشناسی ئاماژەی بەوەش دا کە سبەی خێراییی با مامناوەند لە نێوان 10 بۆ 20 کم/ک دەبێت، و پلەی گەرماش لە کاتی داباریندا کەمێک دادەبەزێت، کە لە گەرمیان بەرزترین پلە 34 و لە حاجی ئۆمەران نزمترین پلە 25 پلەی سیلیزی دەبێت.

 

هاوکات ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند، سبەی چوارشەممە لە ئەنجامی کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور، حاڵەتێکی ناجێگیریی کەشوهەوا بە شێوەیەکی لاواز ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و ئاسمان بە زۆری دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور و هەندێک کات هەوری تەواو.

 

ئاراس جەبار باسی لەوەش کرد کە لە کاتەکانی ئێوارە و شەوی چوارشەممەدا لە سنووری سلێمانی، هەڵەبجە و باکووری گەرمیان ئەگەری چالاکبوونی هەورەبروسکە و بارینی بارانی کەم دەبێت، هەروەها با بەخێراییی 15 تا 35 کم/ک بە ئاراستەی ڕۆژهەڵات لە گەرمیان و کەرکووک چالاک دەبێت.

 

ئەو شارەزایەی کەشناسی جەختی کردەوە کە پلەکانی گەرما سبەی 2 پلە دادەبەزن، و بۆ دووسبەی پێنجشەممە 22ی تشرینی یەکەمی 2026، کاریگەریی ئەم کەشە ناجێگیرە لە سلێمانی، هەڵەبجە، ڕاپەڕین و باکووری گەرمیان تا کاتەکانی ئێوارە بەردەوام دەبێت و ناوبەناو بارانی کەم بۆ مامناوەند دەبارێت.

 

کەشناسان و بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی داوا لە هاووڵاتییان و بەتایبەت شۆفێران دەکەن لە کاتی هەورەتریشقە و بارانبارینی لەناکاو و زیادبوونی خێرایی بادا وریایی تەواو بگرنە بەر تا لە مەترسییەکان پارێزراو بن.