سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق و وەزیری نوێی ئاوەدانکردنەوە، لە بەغدا پرسی چارەسەرکردنی یاساییی پڕۆژە وەستاوەکانی عێراقیان تاوتوێ کرد.

 

ئەمڕۆ نووسینگەی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دادوەر دکتۆر فایەق زێدان، پێشوازیی لە ڕێباز حەملان، وەزیری نوێی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییە گشتییەکان کرد.

 

لە دیدارەکەدا دادوەر فایەق زێدان پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە پۆستە نوێیەکەیدا لە ڕێباز حەملان کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.

 

هەردوولا تاوتوێی لایەنی یاسایی و گرێبەستەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەیان کرد بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و دەستپێکردنەوەی ئەو پڕۆژانەی بەهۆی کێشەی دارایی و گرێبەستەوە پەکیان کەوتووە.

 

لە عێراقدا سەدان پڕۆژەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە بەهۆی کێشەی یاسایی، گەندەڵی، یان ناکۆکی نێوان کۆمپانیاکان و حکومەت لە کار کەوتوون و کابینەی نوێ کار لەسەر یەکلاکردنەوەی ئەم دۆسییانە دەکات.