بانکی ناوەندیی عێراق جێبەجێکردنی سەرجەم داواکارییە هەڵپەسێردراوەکانی حەواڵەی دەرەکی بۆ دابینکردنی دارایی هاوردەکردن ڕاگەیاند و هۆشداری دەداتە بانکە سەرپێچیکارەکان.
ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، سەرجەم داواکارییە هەڵپەسێردراوەکانی گواستنەوەی پارەی هاوردەکردنی پێش دەستکاریکردنی نرخی ئاڵوگۆڕی 7ی تشرینی یەکەمی 2026 جێبەجێ کردووە بە مەرجێک مەرج و ڕێساکانیان تەواو کردبێت.
بانکی ناوەندی داوا لە بازرگانان و کۆمپانیاکان دەکات سەردانی بانکەکانی خۆیان بکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە ئەنجامدانی گواستنەوە دەرەکییەکانیان.
لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەگەر هەر بانکێک بەبێ پاساو حەواڵەکردنی دواخستبێت یان داوای پارەی زیادە لە بازرگانان بکات، لایەنی زیانلێکەوتوو دەتوانێت لە پلاتفۆرمی سکاڵای ئەلیکترۆنیی بانکی ناوەندی سکاڵا تۆمار بکات تا ڕێکاری توندی یاسایییان بەرامبەر بگرێتە بەر.
بانکی ناوەندیی عێراق بەردەوامی دابینکردنی دۆلار و دراوی بیانی بۆ هاوردەکاران بە نرخی فەرمی دووپات دەکاتەوە، کە ئامانج لێی پاراستنی سەقامگیریی بازاڕی ناوخۆیی و ڕێگریکردنە لە بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و پێداویستییەکانی هاووڵاتییان.