دوای زیاتر لە ساڵێک، بڕیارە سبەی لەسەر کەیسی لاهور تاڵەبانی دانیشتنێکی یەکلاکەرەوە لە دادگای سلێمانی بەڕێوە بچێت و تیمی پارێزەرانیش لائیحەی بەرگرییان ئامادە کردووە.
ئەمڕۆ دانا تەقیەدین، گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهور تاڵەبانی، بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، دانیشتنی سبەی بۆ کەیسی لاهور تاڵەبانی یەکلاکەرەوە دەبێت لە دانیشتنەکەدا داواکاری گشتی یاداشتی دادوەریی خۆی پێشکەش دەکات و تیمی پارێزەرانیش لائیحەی بەرگرییان ئامادە کردووە، بەڵام بڕیاری کۆتایی دەگەڕێتەوە بۆ داواکاری گشتی و دادوەران، تیمەکەش خۆی بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادە کردووە.
ماوەی ساڵێکە کەیسی لاهور تاڵەبانی لە دادگای سلێمانی لەژێر لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون ماوەتەوە و تاوەکو ئێستا 7 جار پرۆسەی دادگاییکردنی بۆ ئەنجام دراوە.
گوتەبێژی تیمی پارێزەران ئاماژەی بەوە کرد، ئەو بەڵگانەی پێشکەش بە دادگا کراون تەواوکار نین بۆ تۆمەتبارکردن و سزادانی گیراوانی لالەزار؛ هەر بەپێی یاساش ئەو بەڵگانەی نەسەلمێنرێن ڕەت دەکرێنەوە و سەرجەمیان ئازاد دەکرێن.
بڕیارە سبەی پڕۆسەی دادگاییکردنی لاهور تاڵەبانی بۆ جاری هەشتەهەمین لەسەر ماددەی 56 بەڕێوە بچێت و چاوەڕوان دەکرێت دانیشتنی کۆتایی بێت بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەکە.
لەبەشێکی قسەکانیدا دانا تەقیەدین باسی لەوە کرد، لە ئەگەری دەرچوونی هەر بڕیارێک کە لە بەرژەوەندیی لاهور تاڵەبانیدا نەبێت، خۆیان بۆ تانەلێدان و هەموو ئەگەرێکی دیکە ئامادە کردووە.
لە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 22ی ئابی 2025، دوای ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزەکانی کۆماندۆ، دژە تیرۆر و ئاسایش لە لالەزار، لاهور تاڵەبانی و پۆڵاد تاڵەبانی دەستگیر کران.
لەلایەکی دیکەوە، ژینۆ ئیبراهیم، ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهور تاڵەبانی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، ناوبراو هەفتەی پێشوو خۆی داوای کردووە کەیسەکە کۆتایی پێ بێت، بە هەموو ئەگەرێکەوە سبەی دانیشتنێکی یەکلاکەرەوە دەبێت و سەرجەم تۆمەتەکانیش ڕەت دەکەنەوە.
پایتەخت میدیا ماوەی سزای سەرۆکی بەرەی گەل ئاشکرا دەکات، کە دادگاییکردنی ناوبراو بەپێی ماددەکانی 56 و 406ی یاسای سزادانی عێراقییە و ئەگەری هەیە بە هەردووکیان یان بە یەکێکیان سزا بدرێت.
سزاکان بەم شێوەیەن:
1.ماددەی 56ـی یاسای سزادانی عێراقی: تایبەتە بە ڕێککەوتنی تاوانکاری و سزا بۆ ئەو کەسانە دیاری دەکات کە پێکەوە ڕێک دەکەون بۆ ئەنجامدانی تاوانێک، بەپێی ئەم ماددەیە سزای تاوانەکە لە 2 ساڵ کەمتر نییە و لە 7 ساڵ زیاتر نییە.
2.ماددەی 406ـی یاسای سزادانی عێراقی: تایبەتە بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست، کە دەگەڕێتەوە بۆ شەڕی شەوەکەی لالەزار و کوژران و برینداربوونی هێزە ئەمنییەکان، بە جۆرێک سزاکەی بە لە سێدارەدان دیاری کراوە.
ژینۆ ئیبراهیم ئاشکرای دەکات، کە ڕۆژی چوارشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2026 بڕیارە یەکەم دانیشتنی دادگایی بە ماددەی 406 بۆ لاهور تاڵەبانی و 19 گیراوی دیکەی لالەزار بەڕێوەبچێت.
لاهور تاڵەبانی (ناسراو بە لاهور شێخ جەنگی)، لە ساڵی 1976 لە کۆیە لەدایک بووە، خێزاندارە و خاوەنی سێ منداڵە، ڕەگەزنامەی بەریتانی هەیە، ناوبراو ئامۆزای بافڵ جەلال عیسامەدین و قوباد جەلال عیسامەدینە، واتا برازای جەلال تاڵەبانی، سەرۆککۆماری پێشووی عێراقە، پێشتر بەڕێوەبەری دەزگای زانیاری و هێزی دژەتیرۆر بووە، هەروەها لە ئێستادا ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی بەرەی گەلە.