کوردستان فاوندەیشن گەورەترین پڕۆژەی نیشتمانیی فرەچەشنیی زیندی لە هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنێت و ماڵپەڕێکی زانستیی تایبەتمەند دەخاتە کار.

ئەمڕۆ سێشەممە دەزگای کوردستان فاوندەیشن لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە بەشداریی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەیان توێژەر، پڕۆژەی فرەچەشنیی زیندیی کوردستان و ماڵپەڕی فەرمیی (www.biodiversity.krd) ڕادەگەیەنن.

ئەم پڕۆژەیە وەک بنکەیەکی نیشتمانی ناوەندی بۆ داتای زانستی کار دەکات. لە ڕێگەی پلاتفۆڕمەکەوە سەرجەم زانیاری، وێنە و توێژینەوەکانی تایبەت بە ئاژەڵ و ڕووەکەکانی کوردستان دەخرێنە بەردەست.

بەپێی ئامارە سەرەتایییەکانی پڕۆژەکە، تا ئێستا 2,252 جۆری زیندەوەر لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون. لەو ژمارەیە 1,408 جۆریان ڕووەک و 844 جۆریان ئاژەڵن کە بەشێکیان دەگمەنن و مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە.

هاوکات لە ڕێوڕەسمەکەدا کتێبێکی زانستیی نوێ بە ناوی "شیردەرەکانی هەرێمی کوردستان" ده‌ناسێنرێت، کە لەسەر بنەمای توێژینەوەی مەیدانی ئامادە کراوە.

ئەم پڕۆژەیە هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ پاراستنی ژینگەی سروشتیی کوردستان، لە کاتێکدا پێشتر هیچ داتابەیسێکی یەکگرتووی دیجیتاڵی بۆ ژیانی کێوی لە ناوچەکەدا بەردەست نەبوو.