لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە نوێیەکان لە سیستەمی خوێندن و کەمکردنەوەی خەرجییەکان، وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە بری کاعەز پشت بە ئایپاد دەبەستێت.

عەبدولکەریم عەبتان، وەزیری پەروەردەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئاسمانی عێراق 24 ڕایگەیاند، هەوڵ دەدەن پرسیارەکانی تاقیکردنەوەکان بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی لە ڕێگەی "داگرتنی تەنیا دوگمەیەک" دابین بکەن، بەتەواوی ڕێگری لە گزی و دزەپێکردنی وەڵامەکان دەکەن، بۆ ئەم مەبەستەش ئامێری ئەلیکترۆنی 'ئایپاد' بە سەرجەم قوتابییان دەدەن.

وەزیری پەروەردەی عێراق لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد، ساڵی داهاتوو هیچ پرسیارێکی تاقیکردنەوەکان بەشێوەی فیزیکی لەسەر کاغەز نابێت، هەمووی بەشێوەی ئەلیکترۆنی لەسەر ئایپاد دەبێت، ئەم بڕیارەش دوای ئەوە هاتووە کە دایک و باوکان رەزامەندییان دەربڕیوە کە ئەگەر ئایپادەکە شکا خۆیان بۆ منداڵەکانیان دابین دەکەنەوە.

عەبدولکەریم عەبتان جەختی لەسەر کەمکردنەوەی خەرجی سیستەمی نوێی خوێندن کرد و گوتی: "لە بری ئەوەی ملیارەها دینار لە چاپکردنی کاغەز خەرج بکەین، بەرنامەی خوێندن لە ڕێگەی ئایپادەوە دەبێت و ئەو پارەیەی کە لەم ڕێگەیە دەگەڕێتەوە، بۆ دروستکردنی قوتابخانەی دیکە بەکاردەهێنین."

بڕیارە نوێیەکە بە هەماهەنگی وەزارەتی پەروەردە و پەیوەندییەکانی عێراق جێبەجێ دەکرێت و هەردوولا ئامادەییان دەربڕیوە پرسیار لە 5 هەزار سەنتەری تاقیکردنەوەکان لە ڕێگەی ئەلیکترۆنییە دابین بکەن.