فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکات پەلە بکەن لە تەواوکردنی ڕێکارەکانی دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی.

 

ئەمڕۆ فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە دووەمین ساڵیادی هەڵبژاردنی پەرلەماندا پێویستە دەستبەجێ کۆتایی بە پەککەوتنی دامەزراوەی یاسادانان بهێنرێت.

 

لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرەڕای بەشداریی فراوان و بەرپرسانەی هاووڵاتییان لە پرۆسەی دەنگداندا، پەرلەمان تا ئێستا کارا نییە و نەیتوانیوە ئەرکە یاساییەکانی خۆی جێبەجێ بکات.

 

فراکسیۆنی پارتی جەخت دەکاتەوە کە نابێت کاراکردنەوەی پەرلەمان بە هیچ ململانێیەکی سیاسی و حیزبییەوە ببەسترێتەوە، چونکە شەرعییەتی قەوارەی هەرێم لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانەوەیە.

 

لە کۆتاییی پەیامەکەدا هاتووە، داوا لە سەرجەم فراکسیۆنەکان دەکەن پێکەوە بەرپرسیارێتی مێژوویی لە ئەستۆ بگرن و دەرگای قۆناغێکی نوێ لە حوکمڕانی و کاری پەرلەمانی لە هەرێمی کوردستاندا بکەنەوە.

 

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024 بەڕێوە چوو، بەڵام بەهۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنە سەرەکییەکان لەسەر شێوازی پێکهێنانی کابینەی نوێ، دانیشتنی یەکەم تا ئێستا بە کراوەیی ماوەتەوە.