پەرلەمانی عێراق پشتیوانیی خۆی بۆ ڕێکارەکانی حکومەت لەبارەی کۆنتڕۆڵکردنی چەک و بەرەنگاربوونەوەی هاندانی توندوتیژی دووپات دەکاتەوە.
ئەمڕۆ هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی لەسەر پێویستیی هێنانەدیی هاوسەنگی لە نێوان فەراهەمکردنی ئازادیی ڕاودەربڕین و کاری ڕاگەیاندنی دەستەبەرکراو بەپێی دەستوور، لەگەڵ پابەندبوون بە ڕێکارە یاسایی و پیشەیییەکان کردەوە.
هەیبەت حەلبووی ئاماژەی بەوە کرد، نابێت ئازادییەکان بۆ هاندانی توندوتیژی، نانەوەی شەڕی ناوخۆیی، یان هێشتنەوەی چەک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت قۆستنەوەیان بۆ بکرێت. هەروەها پشتیوانیی تەواوی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بۆ ڕێکارە یاساییەکانی حکومەت ڕاگەیاند کە ئامانجیان پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی، سەپاندنی سەروەریی یاسا، حەسری چەک لە دەستی دەوڵەتدا، لێپرسینەوە لە هەر کەسێکە کە تێوەگلانی لە هاندانی توندوتیژی یان هەڕەشەکردن لە ئاسایشی هاووڵاتییاندا بسەلمێت.
سەرۆکی پەرلەمان ئەوەشی خستەڕوو، ئازادیی دەربڕین بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانییە و پێویستی بە گوتارێکی بەرپرسانە هەیە، هاوكات جەختی لە گرنگیی تەواوکاریی هەوڵەکانی نێوان دەسەڵاتەکانی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو وتارانەی هەڕەشە لە ئاسایش دەکەن.