ئەمریکا ئامانجییەتی ئەو چیایە بۆردوومان بکات، کە ئێران پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی لە ژێریدا پەرە پێدەدات، میدیای فەرمی ئێرانیش پێشبینی دەستپێکردنی جەنگ لە ماوەیەکی زۆر نزیک دەکەن.

ئەمڕۆ مورتەزا غەرقی، پەیامنێرێکی تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی: "ئەمریکا داوای لە ئێران کردووە ڕێگەیان پێ بدەن 'چیای کلنگ' لە پارێزگای ئەسفەهان بۆردوومان بکەن، بەبێ ئەوەی ئێران وەڵامی هێرشەکە بداتەوە، ئێرانیش داوایەکەی ڕەتکردووەتەوە."

لە درێژەی پۆستەکەی ئەم پەیامنێرەی تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران دا هاتووە، لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژە بە دەستپێکردنەەی جەنگ لە 24 کاتژمێری داهاتوو دەکەن، هێزە سەربازییەکانی ئێرانیش لەوپەڕی ئامادەباشی دان.

بەگوێرەی زانیاری میدیاکانی ئەمریکا، ئەمڕۆ ترەمپ بەرەو شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لە 'مار ئا لاگۆ' لە فلۆریدا بەڕێ کەوتووە و کەمێک لەمەوبەر لە فرۆکەخانەی وێست پاڵم بیچ نیشتووەتەوە، ئەمە ئەو شوێنەیە کە لە 28-2-2026 ترەمپ لێی نیشتەجێ بوو و جەنگی ئێران دەستیپێکرد.

زانیارییە هەواڵگیرییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل چەندین ڕۆژە ئاماژە بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ بەر لە هەڵبژاردنی نیوەخولی ئەمریکا لە 3ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ دەکەن. ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئەمریکا ئاشکرایان کرد، کە ئەمریکا تاوتوێی بەکارهێنانی گەورەترین چەکی نائەتۆمی بۆ بۆردوومانکردنی ژێرخانی ئێران و پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکە لە 'چیای کلنگ' دەکات.

بەپێی شیکارییەکی نوێی ناوەندی (CSIS)، ئەمریکا ژمارەیەکی کەمی بۆمبی جی بی یو 57 (GBU-57)ـی سەنگەرشکێنی لە جبەخانەدا ماوە، بەهۆی ئەوەی ساڵی ڕابردوو 14 دانەی بۆ بۆردوومانکردنی هەرسێ بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، ئەسفەهان و نەتەنزی ئێران بەکارهێنا.

هەروەها بۆمبی جۆری جی-بی-یو-43/بی (GBU-43/B)، کە بە "دایکی بۆمبەکان" ناسراوە و پێشبینی دەکرێت ئەمجارە ئەمریکا ئەم دانەیان لە دژی ئێران بەکاربهێنێت، نزیکەی تەنیا 10 دانەی بوونی هەیە و هێندەی GBU-57ـیش بەهێز نییە.