دابەشکردنی نەوتی سپی لە کەرکووک و سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دەستی پێکرد و هەر خێزانێک 100 لیتری بە 15 هەزار دینار پێ دەدرێت.

 

فەرمانگەی بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکووک لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە ڕۆژی 17ی تشرینی یەکەمی 2026وە پرۆسەی دابەشکردنی نەوت بە شێوازی ئەلیکترۆنی دەستی پێکردووە.

 

فەرمانگەکە جەختی لەوە کردەوە، لەم قۆناغەدا، بڕی 100 لیتر نەوتی سپی بە نرخی 15 هەزار دینار (هەر لیترێک بە 150 دینار) بۆ ماوەی دوو مانگ دەدرێتە هەر خێزانێک، بە مەرجێک کارتی زانیاری، کارتی خۆراک و کارتی نیشتمانییان سەر بە پارێزگای کەرکووک بێت.

 

فەرمانگەی بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکووک ڕوونیکردەوە، ئەو هاووڵاتییانەی کۆبۆنی نەوتیان هەیە، دەتوانن خۆیان لە ڕێگەی ئاپی (سوپەر کی) تایبەت بە دابەشکردنی نەوت تۆمار بکەن بۆ ئەوەی بەکارتی ئەلیکترۆنی پشکی خۆیان وەربگرن.

 

بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە چەندین بنکە و وێستگە تەرخان کراون، کە پێکهاتوون لە 22 وێستگەی حکومی، 37 گۆڕەپانی دابەشکردن، و زیاتر لە 70 وێستگەی کەرتی تایبەت. 

 

پێشبینی دەکرێت، لە ڕێگەی ئەم ناوەندانەوە ڕۆژانە لە نێوان 750 هەزار بۆ 850 هەزار لیتر نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش بکرێت.