ئێوارەی ئەمڕۆ تیمێکی هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گەرمیان، تۆمەتبارێکیان بە فەرمانی دادوەر دەستگیر کرد کە دەستڕێژی گوللەی لە ئۆتۆمبێلی بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی دارستانی خانەقین کردبوو.

 

ئەمڕۆ عەقید سۆران محەممەد، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، دەستگیرکردنەکە پەیوەندی بە ڕووداوێکی تەقەکردنەوە هەیە کە لە ماوەی ڕابردوودا ڕوویدابوو؛ کاتێک کەسێک دەستڕێژی گوللەی لە ئۆتۆمبێلی حکومیی بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی دارستانی خانەقین کردبوو و نزیکەی 30 فیشەکی پێوە بنرابوو.

 

گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوەش دا، دوای ڕووداوەکە بە فەرمانی دادوەر، پۆلیسی گەرمیان چووەتە شوێنی ڕووداوەکە و دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە، دواتریش تیمێکی هاوبەش لە پۆلیسی گەرمیان و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گەرمیان پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد لەسەر کەیسەکە.

 

لە کۆتاییدا عەقید سۆران محەممەد  باسی لەوە کرد، لە ئێستادا تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەی 430ی یاسای سزادانی عێراقی لە بەشی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.