لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی نیوەخولی ئەمریکا، سوپای وڵاتەکە پلانی بەکارهێنانی یەکێک لە گەورەترین چەکە نائەتۆمییەکان هەیە.

ئەمڕۆ کەناڵی سی ئێن ئێن لە زاری ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئەمریکا ئاشكرای کرد، سوپای ئەمریکا پلانی نوێی بۆ هێرشکردنە سەر ژێرخانی وزە و وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران داڕشتووە و تێیدا ئەگەری بەکارهێنانی "دایکی بۆمبەکان" هەیە.

ئەو بۆمبەی کە بە "دایکی بۆمبەکان" ناوسراوە، لە جۆری جی-بی-یو-43/بی (GBU-43/B)ـیە و گەورەترین بۆمبی نائەتۆمییە لە کۆگای چەکی ئەمریکا، کێشی بۆمبەکە 9 هەزار و 800 کیلۆ گرامە و 8 هەزار و 500 کیلۆگرام تەقەمەنی هەڵدەگرێت. ئاماژەدان بە بەکارهێنانی ئەم بۆمبە بۆ یەکەمجار لە ململانێکان لەگەڵ ئێران، نیشانەی ئاڵۆزبوونێکی بەرچاو ئاشکرا دەکات.

ئەمریکا تا ئێستا تەنیا یەک جار ئەم بۆمبەی بەکارهێناوە، ئەویش لە ساڵی 2017 بوو کاتێک بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ژمارەیەک توونێلی تاڵیبانیان لە ئەفغانستان پێ بۆردوومان کرد.

بەگوێرەی زانیارییەکانی سی ئێن ئێن، ترەمپ لە ژێر فشاری کۆمارییەکان هەوڵ دەدات هەر زوو بەر لە دەستپێکی هەڵبژاردنی نیوەخولی ئەمریکا لە 3ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت. بۆ ئەم مەبەستە ترەمپ فەرمانی بە سوپا کردووە بژاردەی زیاتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران ئامادە بکەن، کە لەنێویاندا لێدانی ژێرخانە گرنگەکانی ئەو وڵاتە هەیە لە ڕێگەی بەکارهێنانی "دایکی بۆمبەکان".

یەکێک لەو بنکە ئەتۆمییانەی کە ئەمریکا دەیەوێت هێرشی بکاتە سەر 'چیای کلنگ'ـە لە پارێزگای ئەسفەهان، کە سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل زانیویانە ئێستا ئێران لە ژێر قووڵایی ئەم چیایە پەرە بە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی دەدات.

لە ماوەی چەندین هەفتەی ڕابردووەوە ڕاوێژکارانی کۆشكی سپی چەندین کۆبوونەوەیان بۆ یەکلاکردنەوەی جەنگی ئێران ئەنجامداوە. هەرچەندە ترەمپ بە ڕای گشتی گوتووە ئامانجی نییە پێش هەڵبژاردنەکان هێرش بکاتە سەر ئێران، بەڵام چەندین ڕاوێژکار گومانیان لەو قسەیەی سەرۆکی ئەمریکا هەیە و پێشبینی دەکەن قسەکانی بەر لە هەڵبژاردنەکان بگۆڕێت.