دوای ئەوەی بڕیاری بەرزکردنەوەی تێچووی پاسپۆرت هەڵوەشێندرایەوە، بەڕێوەبەرایەتییەکانی پاسپۆرت لە هەرێمی کوردستان ئاشکرایان کرد کە هیچ نیازێک نییە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو هاووڵاتییانەی لە کاتی جێبەجێکردنی بڕیارە کاتییەکەدا پارەی زیاتریان لێ وەرگیراوە.
ئەمڕۆ عەمید سالار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، هیچ ئەگەرێک نییە بۆ بڕیاری قەرەبووکردنەوەی ئەو هاووڵاتییانەی ڕۆژی پێنجشەممە پاسپۆرتیان نوێ کردەوە یاخود دەرهێنا بە بڕی زیادکراو.
عەمید سالار عەبدوڵڵا گوتی: "ئێمە دەمانەوێت کە هاووڵاتییان قەرەبوو بکرێنەوە و ئەمە مافی ئەوانە لەو کاتەدا زەرەرمەند بوون، بەڵام بەپێی ڕێکارە ئیدارییەکان کارێکی ئاستەمە بتوانن قەرەبوو بکرێنەوە."
لە ڕۆژی پێنجشەممە 15ـی 10ـی 2026، تێچووی دەرهێنان و نوێکردنەوەی پاسپۆرت لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە 91 هەزار دینارەوە بۆ 101 هەزار دینار بەرز کرایەوە و 10 هەزار دینار چووە سەر نرخەکەی.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی هەولێر بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتییان ئەستەمە چونکە ئەو پارەیە بە سیستەم دەڕواتە بەغدا و بۆ گەڕاندنەوەی کارێکی ئەستەمە.
هەمان شەو 15ـی 10ـی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، فەرمانی دەرکرد بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە و تێچووی پاسپۆرت گەڕایەوە سەر نرخی پێشوو.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش دا، پێویستە هاووڵاتییان داوای ئەو پارەیە بکەنەوە تاوەکو ئەوانیش بتوانن داواکاری بەرز بکەنەوە بۆ بەغدا.
بەپێی زانیارییەکانی پایتەخت میدیا، لە ڕۆژی پێنجشەممە نزیکەی 300 کەس لە بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی هەولێر بە 101 هەزار دینار پاسپۆرتیان دەرهێناوە یاخود نوێ کردووەتەوە.