بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستگیرکردنی ئەو پارێزەرەی ڕاگەیاند کە لەناو بینای دادگای هەولێر دەمانچەی بەڕووی هاوپیشەکەیدا دەرهێنابوو و هەڵاتبوو.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیدا بڵاویکردەوە، دوێنێ لە ڕێکەوتی 18/10/2026 لە کاتژمێر 12ی نیوەڕۆدا لەناو دادگای هەولێر، دەمەقاڵێ لەنێوان دوو پارێزەر بە ناوەکانی (ی. ز. م) و (س. ع. ح) دروست بووە.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، کاتێک ئەفسەر و کارمەندانی پۆلیسی دادگا هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکەیان داوە، تۆمەتبار (ی. ز. م) دەمانچەی دەرهێناوە و لە شوێنی ڕووداوەکە هەڵاتووە.
پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمڕۆ لەلایەن هێزەکانیانەوە تۆمەتبارەکە دەستگیر کراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە، لە ئێستاشدا بەپێی مادەی 31/406 لە یاسای سزادانی عێراقی (هەوڵی کوشتن) ڕاگیراوە.
ئەم دەستگیرکردنە خێرایە لە کاتێکدایە کە بردنەژوورەوەی چەک بۆ ناو دامەزراوە دادوەرییەکان بە پێشێلکارییەکی گەورەی ئەمنی دادەنرێت و ڕێکاری توندی یاسایی بەدوادا دێت.