دەسەڵاتدارانی ئەمریکا هۆشداری دەدەن لەوەی کە زیندانییەکی عێراقی و ئێرانی بە ناوی محەممەد باقر ئەلسەعدی، لە پشت شیشەکانی زیندانەوە سەرپەرشتیی تۆڕێکی تیرۆریستیی سەر بە تاران دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرش لە بەریتانیا، ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکان.

 

ئەمڕۆ میدیا نێودەوڵەتییەکان بە پشتبەستن بە بەڵگەنامەکانی دادگای ئەمریکا و ڕۆژنامەی تایمز بڵاویانکردەوە، ئەلسەعدیی تەمەن 32 ساڵ لە ڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنیی کۆدکراوەوە لە ناو زیندان، ڕێنماییی بۆ ئەنجامدانی هێرش دەرکردووە و حەواڵەکردنی زیاتر لە 1 ملیۆن دۆلاری بەڕێوە بردووە.

 

بەپێی تۆمەتەکانی وەزارەتی دادی ئەمریکا، ناوبراو بۆ سوپای پاسدارانی ئێران و کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق کار دەکات و دەستی هەبووە لە پلاندانان بۆ نزیکەی 18 هێرش و هەوڵی پەلاماردان لە دژی شوێنە ئایینییەکانی جووەکان لە بەریتانیا و ئەوروپا لەژێر ناوی گرووپێکی چەکداری بە ناوی ئەسحابول یەمین.

 

نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) ئاشکرای کردووە کە ناوبراو هەوڵی داوە هێرش بکاتە سەر پەرستگەیەکی جووەکان لە نیویۆرک و تەنانەت لە ڕێگەی پەیوەندیی ڤیدیۆیی ڕاستەوخۆوە بەشداریی لە هێرشکردنە سەر پەرستگەیەک لە لەندەن کردووە.

 

لە بەرامبەردا، پارێزەرەکانی تانە لە ڕێکارە توندەکانی زیندانیکردنی دەگرن، لە کاتێکدا ناوبراو ڕووبەڕووی 8 تۆمەتی قورسی تیرۆریستی دەبێتەوە و دادگاییکردنەکەی لە هاوینی داهاتوودا دەست پێدەکات.

 

ئەم دۆسیەیە بە یەکێک لە مەترسیدارترین هەوڵەکانی هەواڵگریی ئێران دادەنرێت بۆ بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییە ڕۆژئاوایییەکان لە ڕێگەی بەکارهێنانی شانە نووستووەکان لەناو جەرگەی وڵاتانی ئەوروپادا.