لە ماوەی سێ مانگی هەڵمەتی داشکاندنی قەرزی پێش ڕووناکیدا، وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 500.61 ملیار دینار لە هاووڵاتییان کۆکردووەتەوە.
ئەمڕۆ وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامی کۆتایی هەڵمەتی داشکاندنی قەرزی پێش پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند و ئاشکرای دەکات، زیاتر لە 400 ملیار دینار لە قەرزی هاووڵاتییان خۆشبوون و لە ئێستاشدا زیاتر لە 70%ی هاوبەشانی کارەبا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان هیچ قەرزێکی پێش ڕووناکییان لەسەر نەماوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی کارەبا، لە ڕێگەی هەڵمەتی داشکاندنە ناوازەکەوە کە لە 3ی ئاب تاوەکو 18ی تشرینی یەکەمی 2026 بەردەوام بوو، بڕی 403.13 ملیار دینار لە قەرزی 951,098 هاوبەش خۆشبوونی بۆ کراوە، هەروەها بڕی 500.61 ملیار دیناریش لە قەرزەکان کۆکراوەتەوە.
وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەش کردووە، قەرزی پێش ڕووناکی بۆ ئەو هاوبەشانەی قەرزیان لەسەر ماوە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەکرێتە قیستی درێژخایەن.
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی کارەبا ڕوونکراوەتەوە، داهاتی کۆکراوە بە داهاتی پڕۆژەی ڕووناکیشەوە، سوودی لێوەرگیراوە بۆ پڕکردنەوەی بەشێکی خەرجییەکانی سێکتەری کارەبا کە لە ئێستادا بڕەکەی زیاتر لە 350 ملیار دینارە لە مانگێکدا.
وەزارەتی کارەبا جەختی کردووەتەوە، تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 90%ی هاووڵاتییانی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە لە ڕێگەی پڕۆژەی ڕووناکی کە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕاگەیەندرا.
بەپێی نرخە نوێیەکان، 80%ی هاووڵاتییان، بەتایبەتی کەمدەرامەتان، بەردەوام پارەیەکی کەمتر دەدەن بە بەراورد بەوەی پێشتر بۆ کارەبای مۆلیدە و نیشتمانی دەیاندا، لە کاتێکدا ئامانجەکە دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ سەرانسەری هەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026.