وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە سەردانێکی دیپلۆماسیی چاوەڕوانکراودا بە مەبەستی نێوەندگیری و ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی شەڕێکی بەرفراوان گەیشتە وڵاتی ئێران.

 

ئەمڕۆ میدیاکانی ڕووسیا بڵاویان کردەوە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا گەیشتە تاران و بڕیارە لەگەڵ مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و عەباس عێراقچی، هاوتا ئێرانییەکەی کۆببێتەوە، ئەم سەردانەش لە کاتێکدایە، گفتوگۆکانی نێوان تاران و واشنتن تووشی چەقبەستوویی بوون و مۆسکۆ هەوڵ دەدات ڕۆڵی نێوەندگیر ببینێت.

 

بەپێی زانیارییەکان، تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە توندەیە کە بەهۆی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکاوە دروست بووە و ئاسایشی جیهانیی خستووەتە مەترسییەوە، گرژییەکان لە دەوروبەری گەرووی هورمز بەردەوامن، ئەو ڕێڕەوە ستراتیژییەی 20٪ی نەوتی جیهانیی پێدا تێدەپەڕێت.

 

هاوکات، هەوڵەکانی تاران بۆ کۆنترۆڵکردنی هاتوچۆی کەشتییەکان و گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرە ئێرانییەکان، مەترسییەکانی شەڕیان زیاتر کردووە.

 

مۆسکۆ و تاران، وەک دوو وڵاتی ژێر سزای قورسی نێودەوڵەتی کە زۆربەی ئەو سزایانە لەلایەن ئەمریکاوە بەسەریاندا سەپێندراون، لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراینا لە ساڵی 2022ـەوە هاوکارییە سەربازی و ئابوورییەکانی نێوانیان بە شێوەیەکی بەرچاو فراوانتر کردووە.