یەکێک لە گەورەترین بانکەکانی ئەمریکا بە بڕی زیاتر لە ملیارێک دۆلار سزا درا، ئەوەش دوای ئەوەی نەیتوانی چاودێریی جووڵە داراییە گوماناوییەکان بکات.

ئەمڕۆ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاند، سزایەکی دارایی بە بڕی زیاتر لە 1.2 ملیار دۆلار بەسەر 'بانک ئۆف ئەمریکا'ـدا دەسەپێنێت، ئەویش بەهۆی شکستهێنانی لە پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی دروست سەبارەت بە زیاتر لە 5 ملیار دۆلار لە مامەڵەی گوماناوی، وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کرد، دووەم گەورەترین بانکی وڵاتەکە پابەندی ڕێکارە یاساییەکان نەبووە، ئەمەش ڕێگەی بۆ مامەڵەی نایاسایی ئاسان کردووە.

بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، بەشێک لەو مامەڵە داراییانە مەترسییان بۆ ئاسایشی نیشتمانی دروست کردووە و پەیوەندییان بە تۆڕەکانی سپیکردنەوەی پارەی چینی و چالاکیی دارایی نایاسایی لە سنوورەکانی باشووری ڕۆژاوای ئەمریکاوە هەبووە.

هاوکات نووسینگەی چاودێریی سامانی بیانی لە وەزارەتی گەنجینە، ڕێککەوتنێکی بە بەهای 11.6 ملیۆن دۆلار لەگەڵ بانکەکە واژۆ کردووە، لەسەر پێشێلکردنی بەرنامەکانی سزای تایبەت بە ئێران، ڕووسیا، بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان و تیرۆری نێودەوڵەتی.

لەلایەکی دیکەوە وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دووپاتی کردەوە، ئەم بڕیارە پەیامێکی ڕوونە بۆ ئەوەی هیچ دامەزراوەیەکی دارایی لە سەرووی یاساوە نییە و سەرپێچیی لەم جۆرەش، سیستەمی دارایی دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە.

لەبەرامبەردا، گوتەبێژی بانک ئۆف ئەمریکاش بەرپرسیارێتیی دامەزراوەکەی لە ڕاستکردنەوەی کەموکوڕییەکان دەربڕی، هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە لە ئێستادا کار لەگەڵ لایەنە چاودێرەکان دەکەن، ئەم کارکردنەش بەردەوام دەبێت تا ئەوکاتەی دەگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی.

بانک ئۆف ئەمریکا، لە ساڵانی ڕابردووشدا چەندین جار بەهۆی کەموکوڕی لە سیستەمی چاودێریی ناوخۆیی، ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی بووەتەوە، چاودێرانیش پێیان وایە توندکردنی ڕێکارەکان بەشێکە لە ستراتیژییەکی نوێ بۆ بنبڕکردنی دزەکردنی پارەی ڕەش بۆ ناو کەرتی دارایی.